نودشە/ قوتابخانەیەک مەترسیی رۆچوون و رووخانی لێدەکرێ‌+وێنە

16:50 - 25 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: گیانی قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەی دواناوەندیی شارستانی نودشە بە هۆی کێشەی بەڕێوەبەریی و کەمتر خەمیی بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە لە مەترسی دایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوشەی قوتابخانەی ٨ کلاسەی نودشە بە رۆچوونی زەوییەکەی، لەبەرەبەری رووخان دایە و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش تەنیا چەند لەمپەر و پایەی ئاسنیان وەکوو رێگەچارە پێشنیار کردووە.

ئەو قوتابخانە دواناوەندییە لە کۆتایەکانی ساڵی ٩٠ دەستی بەکار کردووە و لەگەڵ کێشەی لێژیی توندی شوێنەکەی و کێشەی رێگەوبان بەرەوڕوویە بە چەشنێک کە قوتابیان هەموو رۆژێک دەبێ‌نزیک بە ١٧٠ پلیکان ببڕن.

مەترسیی رووخان و داڕمانی حەوشەی \"قوتابخانەی چەمڕان\" لەحاڵێکدایە کە بە هۆی هەڵکەوتەی ناوچەکە، ئەو ناوەندە فێرکارییە لەسەر لێواری بەرزاییەک دروست کراوە و هەر کات ئەگەری رووخانی لێدەکرێ‌.

\"داهێنانی جێگای تێڕامانی بەرپرسانی پەروەردەی نودشە ( دانانی پایە) لە ناو حەوشەی قوتابخانەکە دەرخەری نەبوونی بەڕێوەبەریی و بایەخ نەدان بە سڵامەت و ئەمنیەتیی گیانی ١٢٠ قوتابییە\".

پێشتر یەکێک لە لێپرسراوانی پەروەردەی نودشە رایگەیاندبوو: \" ئەو کێشەیە لە کۆبوونەوەکانی شۆرای پەروەردە و بارهێنان هاتۆتە بەرباس و کارەکانی پێویست لەوبارەیەوە ئەنجام دراوە\".

بنەماڵەکانی دانیشتووی نودشە دروست کردنی قوتابخانەی لەو چەشنە و بینا کردنی لە ناوچە ئەستەمەکان بە هۆکاری دواکەوتنی منداڵەکانیان لەخوێندن دەزانن و ئێستاش نیگەرانی ئەوەیان لەلا دروست بووە، کە کێشەی ئەو قوتابخانەیە سەرەڕای ئەوەی بێزاریی منداڵەکانیانی لێکەوتۆتەوە، لەهەمان کاتیشدا نیگەرانی سڵامەتی رۆڵەکانیشیانن.
\"19315.jpg\"

\"19312.jpg\"

\"19314.jpg\"

\"19313.jpg\"

\"19316.jpg\"