نمایشنامەی خوێندکارێکی کورد لە فێستیڤاڵی لیۆنی فەڕانسە وەرگیرا

15:31 - 15 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی لیۆنی فەڕانسە، کە بە یەکێک لە گرینگترین ڕووداوە فەرهەنگییەکانی ئورووپا دەژمێردرێ، نمایشنامەی \"عیشا\"ی لە بەشی نمایشنامەنووسی وەرگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ئەم فێستیڤاڵە کە هەر ٢ ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێ، بەرهەمی \"تریفە کەریمیان\" خوێندکاری ئەدەبیاتی نمایشیی زانکۆی تاران، کە بریتییە لە نمایشنامەی \"عیشا\"ی وەرگرت و بڕیار وایە لە بەهاری ساڵی داهاتوودا، بخرێتە بەر لێکۆڵینەوە و دیدی ناوبژیوانانی ئەم فێستیڤاڵە.

نێوەڕۆکی ئەم نمایشنامە بریتییە لە \"خەبات لە دژی تیرۆریزم\" کە بە زمانی فەڕانسەوی پێشکەش بە فێستیڤاڵی لیۆن کراوە.

نمایشنامەی عیشا بەسەرهاتی کچێکی ٢٠ ساڵەی کوردی ئیزەدییە، کە لە شاری شەنگال دەکەوێتە دەس تیرۆریستانی داعش و لەم نێوانەدا بە زۆرەملی دەبێتە ژنی یەکێک لە تیرۆریستەکان و پاش ماوەیەک هەوڵی خۆ ڕزگارکردن لەم بارودۆخە دەدات.

ئەم نمایشە لە یەک ساڵی ڕابروودا، لە پاریزگای سنە و شاری سلێمانیی کوردستانی باشوور، براوەتە سەر سێن و پێشوازییەکی باشی لێ کراوە.