نمایش کرانی فیلمی "خۆشەویستی" لە شاری نەغەدە

16:14 - 16 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: فیلمی سینەمایی \"خۆشەویستی\" لە دەرهێنانی \"رەحیم دانش‌آموز\" لە تالاری \"نەورۆز\"ی شاری نەغەدە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە کەتژمێر ٤ی پاش نیوەڕۆ هەتا ١٢ی شەو نمایش کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە هاووڵاتییان، لە کاتی نمایش کرانی فیلمی سینەمایی خۆشەویستی لە شاری نەغەدە، مەئموورانی ئەماکنی ئەو شارە بەردەوام سەردانی نێو تالارەکەیان دەکرد و فیلمیان لە ئامادەبوان هەڵدەگرت.

ئەو فیلمە رۆژانی ١١ و ١٢ی خەرمانان لە تالاری نەورۆزی شاری نەغەدە نمایش کرا کە نێوەرۆکی فیلمەکە باس لە کێشە و گرفتەکانی نێو ژیانی هاوبەش و کەمتەرخەمی و بێ هەست و سۆزی پیاو لە بەرامبەر هاوسەرەکەیدا دەکات.

هەروەها ئەو فیلمە دەپرژێتە سەر پاشهاتەکانی ئەو کێشە و گرفتانە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەسەرپەرست‌بوونی منداڵانی لێ دەکەوێتەوە و ئەو کێشە و گرفتانەی کە لەو پەیوەندییەدا برۆکی کۆمەڵگە دەگرن.

لە فیلمی سینەمایی \"خۆشەویستی\"دا کە ٧١ خولەک بوو، \"ئەنوەر شەهامەت، بەفرین وسووقی، ساڵح محەممەدی، سیامەند عەزیزی، زڵێخا مینایی، مۆحسین خالیدی، خالید شەرەفی، مونیرە شەرەفی، بەفرین مستەفاپوور، کوورش جوبرەئیلی و هیوا قائێمی\" وەک ئەکتەر رۆڵیان بینیوە.