نشکاش/دایکی گەشین کەریمی: کچەکەم چاوێک و گوێچکەیەکیشی لەدەست داوە+وێنە

22:39 - 13 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی پێڕانەگەیشتن و کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، منداڵە برینداربووەکانی تەقینەوەیە مین لە گوندی نشکاشی مەریوان، رۆژ لە دوای رۆژ ئاسەواری تەقینەوەی مینەکە لەسەر جەستەیان دەر دەکەوێ.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش ئەوەی رێکەوتی ٢٦ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، ٧ منداڵی تەمەن ٨ هەتا ١٢ ساڵ لە گوندی نشکاشی مەریوان تووشی رووداوی تەقینەوەی مین بوون، کە یەکێک لەو منداڵانە بەناوی گەشین کەریمی دەستبەجێ لاقی راستەی پەڕی و لەماوەی رابردووشدا بەهۆی ئاسەوارەکانی تەقینەوەی ئەو مینە، چاو و گوێچکەیەکی لەدەست داوە.

ئاژانسی کوردپا بۆ زیاتر روون بوونەوەی دۆخی جەستەیی گەشین کەریمی پەیوەندی بە دایکی ئەو منداڵەوە گرتو ناوبراو رایگەیاند؛ بەهۆی ئەو تەقینەوەیە، چاو و گوێچکەی چەپی لەدەست داوەو دوکتورەکانیش هیچ ئومێدێکیان بە چارەسەری و چاکبوونەوەی گوێچکە و چاوی گەشین نییە.

دایکی گەشین ئەوەشی خستەڕوو، هەتا ئێستا ٦ جار بردوومانەتە لای پزیشک و بڕیارماندا لە تاران نەشتەرگەری بۆ چاوی بکەین، بەڵام پزیشک گوتی بەداخەوە بە نەشتەرگەریش چارەسەر ناکرێت، بەو هۆیەوە کچەکەم زۆر ناڕەحەتە و ئێمەش هیچ کارێکمان لەدەست نایا.

\"20317.jpg\"
گەشین بەهۆیتەقینەوەیە مین، چاو و گوێچکەی چەپی لەدەست داوە
ناوبراو گوتیشی، بڕیارە گەشین وەکوو \"جانباز\" لە قەڵەم بدرێت، بەڵام هەتا ئیستا رێژەی کەمئەندامیەکەی دیاری نەکراوەو لەگەڵ ئەمەشدا رۆژ لە دوای رۆژ ئاسەواری ئەو تەقینەوەی مینە لەسەر جەستەی زیاتر خۆی دەنوێنیت.

پێشتر پەروین زەبیحی چالاکی ژنان لە شاری مەریوان رایگەیاندبوو، پزیشکی دادوەری رێژەی کەمئەندامیی گەشینی ٤ لەسەد دیاری کردبوو، کە بەو هۆیەوە بونیادی جانبازان پەروەندەی بۆ ئەم کچە دروست نەدەکرد، ئەمەش لەگەڵ ناڕەزایەتیی بنەماڵەی گەشین بەرەوڕوو بوویەوە و لە ئەنجامدا دۆسیەکە بۆ دادگوستەریی مەریوان رەوانە کراو ئەوەش لە کاتێکدایە کە گەشین لە قولاپە بەرەو خواری لێ بۆتەوە.

دایکی گەشین لە وڵامی پرسیارێکدا کە شوێنی تەقینەوەکە چەندە لە ماڵەکەیان دوورە، گوتی: ئەو شوێنە سێ هەتا ٤ میتر لە ماڵی ئێمەوە دوورەو سەرەڕای ئەوەش دوای تەقینەوەکە هیچ تابلۆ و پەرژینێکی لێ دانەندراوە.

باسی لەوەش کرد، دوای تەقینەوەکە دەزگای مین هەڵگرتنەوە ٢٠ مینیان لەم شوینە کۆکردەوەو گوتیان دواتر دێینەوەو مینەکانی دیکە کۆ دەکەینەوە، بەڵام هەتا ئێستا نەهاتوونەتەوەو ئەمەش نیگەرانیی زۆری لای بنەماڵەکان و بەتایبەت بنەماڵە منداڵ وردەکان دروست کردووە.

\"20332.jpg\"
لە رووداوی تەقینەویە ئەو مینەدا کورە مامێکی گەشین بەناوی خەبات تەمەن ١٢ ساڵ چاوەکانی زیانی بەرکەوتووە و پارچەیەک لە مینەکەش لە کەلەکەی‌دا ماوەتەوە. هەروەها ئاڵا رووبینا کە هاورێی گەشینە، مەترسیی لەدەست دانی چاوەکانی لێ دەکرێت و بە گوتەی پزیشکەکان پێوستە لە ماوەی ١ ساڵی داهاتوودا نەشتەرگەری بۆ بکرێت.

هەروەها بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یەکێکی دیکە لەو منداڵانە بەناوی موبین، لاقەکانی بەتوندی برینداربوون و بەردەوام ئازاریان هەیە و بەم هۆیەوە تووشی نەخۆشیی ئەعساب و دەروون هاتووە وحەبی ئەعساب بەکار دێنێ.

دایکی گەشین گوتیشی: نزیک بە ١٥ ساڵ پێش ئێستا بوو، کە رووداوێکی هاوشێوەی تەقینەوەکەی رەزبەری ساڵی رابردوو لەم کۆنە پایەگەیە رووی داو منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵ بەناوی رێبوار خۆشنوودی دەستبەجێ گیانی لەدەست داو ٦ منداڵی دیکەش بەتوندی بریندار بوون، بەلام هەتا ئیستا مینەکان کۆنەکراونەتەوەو هەڕەشە لە گیانی خەڵک دەکات.