نزیکەی ١٠ کەس لە ڕاوچییەکانی سەوڵاوا دەستیان لە ڕاوکردن هەڵگرت

21:16 - 31 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ١٠ کەس لە کۆنە ڕاوچییەکانی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەوڵاوا دەستیان لە ڕاوکردنی پەلەوەرە کێوییەکان هەڵگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٠ کەس لە کۆنە ڕاوچییەکانی گوندی \"هەزارخانی\" شاری سەوڵاوا، بە ڕادەست کردنی چەکەکانین بە ئیدارەی ژینگەپارێزی خۆیان لەگەڵ سروشت ئاشت کردەوە.

ئەو ١٠ ڕاوچییە بە مەبەستی ئاشت بوونەوە لەگەڵ سروشت و پشتیوانی لە ژیانی ئاژەڵەکان دەستیان لە ڕاوکردن هەڵگرت.

دەوترێ، ئەو ١٠ هاووڵاتییە کوردە بە ڕادەست کردنی چەکەکانیان بۆ هەمیشە دەستیان لە ڕاوکردنی پەلەوەر و ئاژەڵە کێوییەکان، لەو ناوچەیە هێناوە و ئەمەش بووەتە مایە دڵخۆشی خەڵکی ئەو ناوچەیە.

ماوەی چەند ساڵێکە ڕاوچییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دەستیان کردووە بە ئازاد کردنی باڵندەکان و شکاندنی قەفەسەکانیان و ئەم کارەش بووەتە مایەی خۆشحاڵیی ژینگەپارێزان و ژینگە دۆستان.