نزیک بە ٣٥٠ ئەندامی حدکا لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە تێرۆر کراون

15:28 - 3 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئاماری ئەندامانی تێرۆرکراوی خۆی لە سەرەتایی هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئیسلامی ئێران تا ئێستە بڵاو کردەوە.

لەو لیستەدا ناوی ٣٤٢ ئەندامی حیزبی دێموکرات هاتووە، کە لە لایەن ئورگانەکانی ئەمنییەتی – نیزامی حکوومەتی ئێرانەوە لە کوردستانی ئێران، هەرێمی کوردستان و ئورووپا تێرۆر کراون.

بەپێی ئەم لیستە، تێرۆری ئەندامانی حیزبی دێموکرات، لە ساڵی ٥٩ دەستی پێ کردووە و \"سەرگورد عەباسی\" یەکەمین ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکرات بووە، کە لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە تێرۆر کراوە.

لەم پێوەندییەدا، محەممەد ساحیبی، بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حیزبی دێموکرات، لە بارەی چۆنیەتی دەسپێکردنی تێرۆری ئەندامانی حیزبی دێموکرات، لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: \"بەرێوەبەرانی كۆماری ئێسلامی پێش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و پێش لە بە دەسەڵات گەیشنیان، یەكێك لە ڕێكارەكان و مێتۆدی موبارزاتیان بۆ دژایەتی ڕێژیمی پاشایەتی و گەیشتن بە دەسەڵات تێرۆر بووە و لە رێبەرانی سەرەوەی ڕێژیم ئەندام یا هۆگری تایبەتیان بە گرووپەكانی تێرۆر هەبووە و پاڵپشتیان كردووە. هەر بۆیە لە ڕووی فیكرییەوە سەرانی ڕێژیم بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان باوەریان بە تێرۆری دژبەرانی خۆیان هەبووە و هەیە. هەر لە سەرەتای هاتنەسەركاری كۆماری ئێسلامی ئێران و سەپاندی شەڕ بە سەر كوردستاندا و بۆ چاوترسێنكردنی خەڵكی مافویستی كوردستان تێرۆر و رەشەكوژیان دەست پێ كرد و ئەگەر هەڵە نەبم یەكەم پێشمەرگە كە تێرۆر كرا شەهید سەرگورد عەباسی بوو\".

\"\"
محەممەد ساحیبی، بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حیزبی دێموکرات
بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حیزبی دێموکرات لە وڵامی ئەم پرسیارە کە چ ئورگانگەلێکی حکوومەتی ئێران دەستیان لە تێرۆری ئەندامانی حیزبی دێموکراتدا هەبووه، وتی: \"كۆماری ئێسلامی چەندین دەزگای ئەمنیەتی جۆراوجۆری هەیە و هەریەك لەو دەزگایانە كە دەرفەتیان بۆ ڕەخسابێت كاری تێرۆریان كردووە. زۆر جار هەبووە كە چەند دەزگا بە هاوكاریی یەكدی كردەوەیەكی تێروریستیان ئەنجام داوە. بەپێی هەڵكەوتی شوێنی تێرۆرەكە ئورگانە پێوەندیدارەكان كاری تێرۆرەكەیان ئەنجام داوە. بۆ نموونە زۆربەی كارە تێرۆریستیەكانی نێوخۆی ئێران لە لایەن وەزارەتی ئێتلاعات بەرێوە براوە و تێرۆرەكانی دەرەوەی سنوور سپای پاسداران لە ڕێگای قەرارگاكان و پاش دروستبوونی هێزی قودس لە ڕێگای هێزی قودس و ئێتلاعاتی سپا ئەنجامی دەدات. بەڵام نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت هەر چەند وەك بەڕێوەبردنی تێرۆرەكان لە ئەستۆی ئەو دەزگا نیزامی و ئەمنییەتییانەدایە، بەڵام بەشێك لە تێرۆرەكان كۆمیتەی هاوبەشیان هەیە كە ئورگانی جۆراوجۆری تێدایە، وەك: ئێتلاعات، سپای پاسداران، ئورگانەكانی بەناو دیپلۆماسی وەك باڵویزخانە و كونسوگەرییەكان و .....هتد كە هەر یەك لەو ئورگانانە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی تێرۆرەكان. ئەركێكیان پێ سپێردراوە\".

محەممەد ساحیبی لە وڵامی ئەم پرسیارەدا ئایا حکوومەتی ئێران، وەکوو ساڵانی پێشوو دڕیژه بە تێرۆری ئەندامانی حیزب دەدا، یان تاکتیکی نوێ گرتووەتە پێش، وتی: \"هەر وەك لە وڵامی پرسیاری یەكەمدا عەرزم كردن كۆماری ئێسلامی وەك ڕێژیمێكی تێرۆریست و پاڵپشتی تێرۆریزم لە ڕووی فكرییەوە بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی باوری بە تێرۆر هەیە. هەر بۆیە هیچ كات لە تێرۆری دژبەرانی خۆی و بەتایبەت كادر و پێشمەرگەی حیزبی دیمۆكرات سڵی نەكردووە و ئەو سیاسەتەی هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نەهاتووە. هەر كات كە شەرایەتی زەمانی و مەكانی گونجاو بووبێت تێرۆری كردووە. ئەوەی لە دەستی هاتووە كردوویەتی و ئەو كاتانەش كە نەیكردووە، نەیتوانیوە نەك ئەوەی نەیكات، بەڵام ئەوە ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە هەر كات كۆماری ئێسلامی زیاتر هەستی بە مەترسی كردبێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی دەرهاویشتەی كردەوە تێرۆریستییەكانی كردەوەی تێرۆریستی زیاتر پەرە پێ دەدات، شەرایەتی ئێستای كۆماری ئێسلامی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتربوون دەڕوات و زیاتر هەست بە مەترسی دەكات. هەر بۆیە كۆمیتەیەكی نوێیان لە چەند ئۆرگان پێك هێناوە، كە تایبەت بە تێرۆری دژبەران لە شكڵ و شێوەی جۆراوجۆردایە ئەوەندەی بۆی بكرێت كاری تێرۆریستی پەرە پێ دەدات\".

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ٢٥ی گەڵاوێژی ١٣٢٤ لە شاری مەهاباد دامەزراوە و یەکێک لە حیزبەکانی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە ئاستی ئێران و کوردستاندا بە ئەژمار دێت.

١٧ی خەرمانانی ئەمساڵ، سپای پاسداران لە وڵامی چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات لە کوردستانی ئێران، بنکەکانی ئەم حیزبەی لە شاری کۆیە مووشەکباران کرد.