نزیک بە ٣٠٠ چالاکی سیاسی و مەدەنی کورد لە زیندان دان

14:28 - 27 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئیسلامیی زیاتر لە ٨٢٠ چالاکی سیاسی، مەدەنی و عەقیدەتی لە زیندانەکانی شارەکانی ئێراندا ڕاگرتووە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نوێترین ئاماری بڵاوبووە دەرخەری ئەوەیە کە ٢٩٠ ‌هاووڵاتی کورد لە زیندانەکانی ئێراندا بە تاوانی \"چالاکی سیاسی و مەدەنی\" دەستبەسەر و حوکمی زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

ئامارەکە کۆمەڵێک زانیاری نوێ لە خۆدەگرێت بەڵام لە هەندێ شوێن دیارە کە زانیاری لە سەر زیندانیانی کورد ورد نییە.

بێجگە لە کورد، چالاکانی تورکی ئازەری، عەرەب، بەلووچ و تورکمەنیش لە دوو توێی ئەو ڕاپۆرتەدا وەک زیندانیی سەربە نەتەوەکانی ئێران تۆمار کراون.

ئەو ئامارە لە لایەن ناوەندی بەڵگەكانی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوکراوەتەوە و نووسیویەتی کە بەهۆی ناڕوونی دەزگای دادوەری و بوونی هەڕەشە و گوڕەشە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەت، ئەو ڕاپۆڕتە کەموکوڕی پێوە دیارە.

هەر بەپێی ئەو ئامارە، کۆمەڵیک چالاکی یارسانی دەستبەسەر و زیندان کراون کە ڕەچەڵەکیان نەنووسراوە و تەنیا وەک چالاکی عەقیدەتی هاتووە.

نەتەوەی کورد لە ناو هەموو نەتەوەکانی ئێران پشکی زیاتری لە گرتن و زیندانی کران پێبڕاوە و لەدواییشدا نەتەوەی عەرەب و بەلووچ دێن.

ناوەندی بەڵگەكانی مافی مرۆڤی ئێران تا ئێستا دوو راپۆرتی لەسەر پێشێڵكاریی مافی مرۆڤ لە كوردستانی ئێران وەكوو لە سێدارەدانی كوردەكان لە لایەن حكوومەتی ئێرانەوە(١٣٥٨) و دەستبەسەركردن و ئێعدامی چالاكانی كورد بڵاوکردووەتەوە.

پێشترسەرپەرەستی ئەو ناوەندە لە وتووێژێک بە هەواڵدەریی کوردپای گووتبوو: بەشی هەرە گەورەی پێشێلكردنی مافی هاووڵاتیانی كورد بەشێوەی نایاسایی و ڕێگری لە دەربڕینی مافی دەربڕینی ڕای ئازاد و رێگریی لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا چڕ كراوەتەوە، بەپێی ئەوەی كە ئەو دۆخە بۆ هاووڵاتیانی غەیری كوردیش وەكوو یەكە بەڵام كوردەكان زەرەرمەندی سەرەكیی ئەو دۆخە بوون.

لینکی پێوەندیدار:
بەرپرسی\" IHRDC\": كوردەكان قوربانیی زیاترییان بۆ وەدیهاتنی مافەكانیان داوە