نزیک بە نیوەی خەڵکی ئێران تووشی دڵەڕاوکێن

15:36 - 9 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: بەپێی ئامارەکان، لە ١٥ ساڵی ڕابردووەوە تاکوو ئێستا، ڕێژەی نیشانەکانی نەخۆشیی دەروونی وەک دڵەڕاوکێ، بەگشتی لە سەدا ٢٠.١ ەوە بە سەدا ٢٥.٦١ گەیشتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، تێکچوونی دەروونی لە شاری تاران لە ساڵی ٧٨ ەوە تاکوو ٩٠، ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و لە سەدا ٢٠.١ ەوە بە ٣٩.٦٩ گەیشتووە.

\"نووربالا\"، بەرپرسی زانستیی کۆبوونەوەی ساڵانەی سەلامەتی دەروون و میدیا، بەئاماژە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لە دنیادا، ڕایگەیاند کە؛ \"لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینیدا، ڕێژەی تووشبووان بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، ٤١٦ میلیۆن کەس بەراورد کراوە، کە ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠١٣دا بە ٦١٥ میلیۆن کەس دەگات و ئەم ڕێژەیە تا ڕادەیەکی بەرچاو لە بەرزبوونەوەدایە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە؛ \"لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاو لە ئاستی وڵاتدا دەستی پێکردووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لە ئاستی جیهانیدا بەراورد نەکراوە و ئەم لێکۆڵینەوانە دەبێت برینتر بکرێتەوە.

ڕێکخراوی جیهانیی بێهداشت، هەموو ساڵێک لە ڕێکەوتی ٨ی ئاوریلدا، باسێک لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی سەرنجی خەڵک و زانیاریی گشتیی مرۆڤ لەسەر بابەتێک کە کۆمەڵگای تووشی کێشە کردووە، هەڵدەبژێڕێت و ئەوساڵیش دروشمی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی سەبارەت بە خەمۆکییە و هەڵبژاردنی ئەم دروشمە، ئاماژە بە گرینگی ئەم بابەتە دەدات.