نزیک بە دوو هەزار سکاڵا سەبارەت بە ئازاری جەستەیی قوتابیان تۆمار کراوە

14:16 - 26 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی هەڵسەنگاندنی ئەنجام و وەڵام‌دانەوەی وەزارەتی پەروەردە لە ئێران ڕایگەیاند کە؛ \"لە دووساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا دوو هەزار و ٩٢٤ سکاڵای بنەماڵەی قوتابیان لەمەڕ توندوتیژی جەستەیی لەسەر قوتابیان تۆمار کراوە، کە هەزار و ٢٧٤ سکاڵایان لەجێی خۆیدا بووە\".

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی \"ئیلنا\"، \"ڕەحیم میرشا وەلەد\"، ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەر ڕایگەیاندووە کە؛ \"لە هەزار و ٢٩٤ سکاڵای تۆمار کراو لە دوو ساڵی ڕابردوودا، هەزار و ٢٧٤ سکاڵا ڕاست و ٦٥٠ سکاڵا بێ‌بناما ڕاگەیەندراوە\".

ناوبراو هەروەها باسی لە ئازاری جەستەیی قوتابییەک بە ناوی \"محەممەد پارسا تاهێری\" لە ناوچەی ٩ی تاران کردووە. سەری ئەم قوتابییە لە لایەن مامۆستاکەیەوە شکاوە و \"محەممەدپارسا\" سەبارەت بەم ڕووداوە گوتویەتی کە؛ مامۆستاکەی پەلاماری داوەتە سەری و سەری بە دەرگای پۆلەکەدا کێشاوە و بووەتە هۆی شکانی سەری و سەری ٣ تەقەڵی لێ دراوە.

ئەم ڕووداوانە لە کاتێک‌دایە کە؛ بەرپرسانی حکوومەتی ئیسڵامیی ئێران بەردەوام باس لە میهرەبانیی ئیسلامیی دەکەن، بەڵام منداڵانی خەڵک لە شوێنە پەروەردەییەکانی ئێران بەردەوام دەکەونە بەر ئازار و هەڵسوکەوتی نەشیاوی مامۆستاکان و بەرپرسانی قوتابخانەکان.