نزیک بە ٣٠٠٠ بنەماڵەی زیندانی لێک جودابوونەتەوە

14:35 - 17 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: پێکهاتەی نوقستانی دەزگای دادوەری، نائەمنیی کۆمەڵایەتی و ئابووریی بەدواوە بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئێستادا زیاتر لە سەدهەزار کەس لە گرتووخانەکانی ئێران بە تاوانی قاچاخی ماددەی هۆشبەر ڕاگیراون، کە نێونجی تەمەنیان کەمتر لە ٤٠ ساڵە.

بەرپرسی ڕێکخراوی گرتووخانەکانی ئێران لە کاتی سەردانی بۆ ورمێ‌دا ڕایگەیاند کە؛ ڕێژەی زیندانییەکانمان بە بەراوردی جیهانی، ١٢٠ کەس زیاترە.

پێوانەی جیهانی بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس، ٢٧٠ کەسی دیاری کردووە.

هەر بە وتەی عەلی‌ئەسغەر جەهانگیر؛ زیاتر لە سەدا شەست و پێنجی ئەو کەسانەی کە لە گرتووخانەکاندا ڕاگیراون، هاوسەریان هەیە.

ناوبراو لەکاتی ناساندنی بەڕێوەبەری گشتیی گرتووخانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا باسی لە کێشە و قەیرانی دەزگای دادوەریی کرد و ئەوەیشی بۆ زۆریی ڕێژەی تاوانە دیاریکراوەکان(عناوین مجرمانە) گەڕاندەوە کە دەستبەسەرکران و گرتووخانەی بە دواوەیە.

بەپێی یاسای کەیفەریی ئێران، زیاتر لە ٢ هەزار ناونیشانی تاوانکاری بوونی هەیە.

لەدرێژەدا هەواڵدەریی \"مهر\" لەزاری جەهانگیر بڵاوی کردەوە: ٢٥٠ هەزار منداڵ لە وڵاتدا هەن کە باوکیان لە زینداندایە.

ئەم بەرپرسە حکوومەتییە، قەیرانی پێوەندیدار بە گرتووخانەکانی بۆ \"کێشەی پێکهاتەیی\" دەزگای دادوەری گەڕاندەوە کە بە وتەی عەلی‌ئەسغەر جەهانگیر، نائەمنییی کۆمەڵایەتی و ئابووریی لێکەوتووەتەوە.

سەرەڕای دۆخی گشتیی گرتووخانەکان، زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتیش لە هەلومەرجێکی زۆر نالەبارتردا ڕاگیراون و چەشنێک \"مردنی بەکاوەخۆ\" ئەزموون دەکەن.

لە یەک مانگی ڕابردوودا چەندین چالاکی سیاسی و مەدەنی لەوانە کوردەکان، بە هۆی دۆخی نالەباریان لە زیندان، دەستیان داوەتە مانگرتن و سەعید شیرزاد سی و یەکەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆی تێپەڕ دەکات.