نزیك بە 300 كرێكاری كوورەخانەكانی بۆكان بەهۆی كەمیی مووچەوە مانیان گرت

22:22 - 14 جۆزەردان 2712
كوردپا: نزیك بە 300 كرێكاری كوورەخانەكانی \"ساروقامیش\"ی سەر بە شاری بۆكان بەهۆی كەمیی مووچە و كێشە لەگەڵ خاوەنكاران دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، نزیك بە 300 كرێكاری كورەخانەكانی بۆكان هەڵكەوتوو لە گوندی ساروقامیشی بۆكان بەهۆی كەمیی مووچە و نەدانی مووچەكانیان و وەڵام نەدانەوە بە داخوازییەكان لەلایەن خاوەنكارانەوە لە رێكەوتی 13ی جۆزەردانەوە مانیانیان گرتووە و نەڕۆیشتوونەتە سەر كار.

هەواڵنێری كوردپا ئەوەشی زیاد كردووە ئەو كرێكارە مانگرتوانە رایانگەیاندووە، هەتا داخوازییەوكانیان جێبەجێ‌ نەكرێت دەست لە مان گرتن هەڵناگرن.

هەواڵدەریی كوردپا لە درێژەی راپۆرتەكەیدا لەزاری خەڵكی ئەو ناوچەوە ئاشكرای كردووە كە ئەو كرێكارانە لەناو نزیك بە 100 كوورەی خشت‌بڕی لە ساروقامیش كار دەكەن و زۆربەیان خیزاندارن و ژیانیان لە رەوشێكی خراپ دایە.

گوندەكانی ساروقامیش و كوول ئاوا هەڵكەوتوو لەسەر جادەی میاندواو ـ بۆكان زۆرێك كوورەی خشت‌بڕیی تێدایە كە چەندین بنەماڵەی كورد بە خێزانەوە تێیدا كار دەكەن و پێچەوانەی هەموو یاساكانی پارێزەری مافی منداڵان، لەو كوورەخانانە منداڵان سەرقاڵی كارن.

لە دێژەی مانگرتنی کرێکاراندا ماڵپەڕی كۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیی دامەزراوە كرێكارییەكان بڵاوی كردەوە، 50 كرێكاری بەشی تونەیلی بەنداوی ئازاد لەسەر جادەی مەریوان ـ سنە بەهۆی پێنەدانی حەوت مانگ مووچەیان، مانیان گرتووە.

هەمان سەرچاوە لە درێژەی راپۆرتەكەیدا نووسیویە، بەنداوی ئازاد كە لەژێر چاوەدێریی \"جیهادی گەشەی شیركەتە زنجیرەییەكان\"دایە ماوەی حەوت مانگە هیچ مووچەیەكی بە كرێكارەكانی بەشی تونیلی ئەو بەنداوە نەداوە و ئەوانیش لە ئیعتراز بەم مەسەلەیە و كەشی زاڵی دژە كرێكاری، لە رێكەوتی 8ی جۆزەردانەوە دەستیان داوەتە مانگرتن.