نتانیاهۆ: كۆمەڵگای جیهانی دەبێ‌ هێڵی سوور بۆ ئێران دیاری بكات

21:59 - 13 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆك وەزیری ئیسرائیل، كە خۆی بۆ سەفەرێكی ئەمریكا ئامادە دەكات، داوای لە كۆمەڵگای جیهانی كرد كە دەبێ‌هێڵی سوور بۆ حكوومەتی ئێران دیاری بكرێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی رادیۆ فەردا بنیامین نتانیاهۆ لە كۆبوونەوەی حەفتانەی كابینەی دەوڵەتەكەیدا وتی: \"هەتا ئەوكاتەی ئێران هێڵی سووری دیاریكراوی كۆمەڵگای جیهانی هەست پێنەكات، پلانی ناوكیی خۆی راناگرێت\".

سەرۆك وەزیری ئیسرائیل بە ئاماژە بە راپۆرتی رۆژی پێنجشەممەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكی لەبارەی ئێران، وتی: سەركەوتنەكانی بەرنامەی ناوكیی ئێران و بەپێی راپۆرتی ئاژانس، بە هیچ لەونێك قبووڵ ناكرێت.

\"5950.jpg\"
راپۆرتی وەرزانەی ئاژانس باسی لە دوو بەرابەر كردنەوەی ژومارەی سانتریفیۆژەكانی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە بنكەی ناوكیی فێردەو لە قۆم و هەروەها زیادبوونی هەڕەشەكان لە هەمبەر چالاكییە \"نایاساییە ناوكییەكان\" لە پادگانی پارچین لە رۆژهەڵاتی تاران كردووە.

راگەیەنەكانی ئیسرائیل جەخیتان كردۆتەوە كە بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە، هێڵی لایەنگرانی هێرش بۆ سەر ئێرانی لەلای دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی بەهێزتر كردووە.

\"وای نت\" ماڵپەڕی رۆژنامەی \"یدیعوت ئاحرونوت\" نووسیویە: \"هەرچەند سەرۆك وەزیری ئیسرائیل ئەم وتانەی خۆی هەمیشە لە دانیشتنی كابینەی دەوڵەتدا دووپات دەكردەوە \"كە ئێران نابێ‌دەستی بە چەكی ئەتۆم رابگات، بەڵام بۆ یەكەم جار بە شێوەی لاوەكی باسی لە ئەگەری هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران كردووە\".

ماوەی نزیك بە یەك مانگە باسی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و راگەیەنەكان لە گۆڕێ دایە.

ئەم پرسە لە حاڵێكدا هاتۆتە گۆڕی كە ئەمریكا لە رێگای دوو دیپلۆماتی ئورووپاییەوە پەیامێكی بە ئێران راگەیاندووە كەلە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەمریكا پشتیوانیی ناكات.

\"5949.jpg\"
لە دانیشتنی كابینەی دەوڵەتی ئیسرائیلدا بە توندی هێرش كراوەتە سەر ژێنەراڵ \"مارتین دمپسی\" لێپرسراوی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا كە رایگەیاندبوو ئەمریكا ئامادە نیە بەشێك بێت لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

هەر لەم پێوەندییەدا ئەمریكا تەئكیدی كردۆتەوە كە رێژەی هێزەكانی خۆی كە بۆ مانۆڕی هاوبەشی مانگی داهاتوو كە بڕیارە لە بیابانی \"نقب\" لە باشووری ئیسرائیل بەڕێوە بچێت، تەرخانی كردووە، كەم كردۆتەوە و ئیتر سیستمی مووشەكی و خزمەتگوزاریی ناوگان و فڕۆكە هەڵگرەكانی خۆی رەوانەی ئیسرائیل ناكات و بەڕای كارناسانی نیزامی ئەمەش هەر لە راستای ئەو پەیامە دایە كەلە ئەگەری روودانی شەڕدا ئیسرائیل نابێ‌چاوەڕوانی یارمەتیی ئەمریكا بێت.