ناڕەزایەتییەکانی بازاڕیانی کوردستان بەردەوامە

20:58 - 29 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: بازاڕیانی کوردستان هەتا داواکانیان جێبەجێ نەکرێت، درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، مانگرتنی بازاڕیانی بانە، سەقز و مەریوان درێژەی هەبووە و بازاڕیانی پیرانشاریش دەسیان بە مانگرتن کرد.

بازاڕیان بە ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ، داواکاری وەڵامدانەوەی بەرپرسانن و ڕوو لەوان ڕایانگەیاندووە: \"سفرەی بە تاڵی ئێمە نانی دەوێت\".

\"ڕەسوڵ خزری\"، نوێنەری سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی ئێران لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ هەواڵدەرییەکی خۆجێی پیرانشاری وتوویەتی: \"حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری وڵات بەداخەوە تا ئێستاش بۆ کرانەوەی ڕێڕەوە سنوورەییەکان هیچ هەوڵێکی نەداوە\".

ناوبراو دەڵێت: \"هەندێک لە بەرپرسان هێشتا باوەڕیان وانییە کە داخستنی ڕێڕەوە سنوورییەکان بووەتە هۆی بێکار بوونی ٧٥ هەزار کەس، کە کاریان کۆڵبەرییە\".

لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوە وە بازڕیانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان، زیادکردنی نرخی گومرکەکان دەستیان دایە مانگرتن و ئەم مانگرتنانە فراوانتر بووه و شارەکانی مەریوان، سەقز و پیرانشاریشی گرتەوە.

گوزەرانی زۆرێک لە خەڵكی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەستراوەتەوە بە سنوورەکان، کە ماوەیەکە بە هۆکاری نادیار سنورەکان داخراون.