ناڕەزایەتیی گشتیی کوردانی کرماشان، لە دوو بڵاڤۆکدا رەنگی دایەوە+وێنە

13:20 - 7 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو بڵاڤۆکی خۆجێی کرماشان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نابەرپرسیارەتی و کارکردی لێپرسراوانی کرماشان، لاپەڕەکانی خۆیان بەشێوەی سپی، بڵاو کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەی نوێی دوو بڵاڤۆکی \"دەنگی ئازادی\" و \"ئەبووزەر\" لە کرماشان، بەپێچەوانەی ژمارەکانی پێشوویان، بە شێوەیەکی جیاواز و تایبەتی چاپ و بڵاو بوونەوە.

حەفتەنامەی دەنگی ئازادی، چاپی ژمارەی نوێی خۆی کە سەرەتای ئەم حەفتەیە چاپ و بڵاو کرایەوە، کاردانەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین بە ئاماری بێکاریی ئێستای ئوستانی کرماشان وەسف کردووە.

سەرنووسەری دەنگی ئازادی، سەبارەت بەو بڕیارە جێگەی سەرنجەی بڵاڤۆکەکەوە رایگەیاندووە: \"لەبەر ئەوەی هیچ هەوڵێکی بەرپرسانم بۆ چارەسەر کردنی پرسی بێکاری لەم ئوستانەدا بەدی نەکرد، ناچار بووم دەنگی خۆم بەم شێوەیە بگەیەنمە گوێی دسەڵات و بەرپرسان\".

پێشتریش ئاژانسی کوردپا لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردبوویەوە، نرخی بێکاری لە ئوستانی کرماشان لەسەدا ٥ زیادبوونی بەخۆیەوە بینوەو بەم پێیەش ژمارەی پێوانەیی لە بێکارترین ئوستانی ئێراندا تۆمار کردووە.

\"24399.jpg\"
دوو بڵاڤۆکی خۆجێی کرماشان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، لاپەڕەکانی خۆیان بەشێوەی سپی، بڵاو کردەوە
هەروەها رۆژنامەی ئەبووزەر یەکێک لە چاپەمەنییەکانی ئوستانی کرماشان لە راستای پشتیوانی لە بڵاڤۆکی دەنگی ئازادی، ژمارەی رۆژی یەکشەممەی ئەم حەفتەیەی لە چەند لاپەڕەیەکی سپی‌دا بڵاو کردەوەو هەتا لەم رێگەیەوە دەنگی ناڕەزایەتیی میدیاکاران لەمەڕ بێکاریی لاوان و نابەرپرسیارەتیی بەرپرسان بگەیەنەتە گویێ دەسەڵات.

لە ئێستادا نرخی بێکاری لە ئوستانی کرماشان ١٥.٣ لەسەد راگەیاندراوە، بەڵام چاوەدێران لەو باوەڕەدان کە نزرخی بکار زۆر لەو رێژەیە زیاترە.

هەڵوێست و بڕیاری ئەو دوو بڵاڤۆکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی بەکارهێنەرانی بەدوای خۆیدا هێنا و بە شێوەیەی کە زۆربەیان بێ پلانیی بەرپرسان، نەبوونی سەرمایەگوزاریی دەوڵەت بە هۆکارەکانی بێکاری لە ناوچە کوردنشینەکان و بەتایبەت لە ئوستانی کرماشان لەقەڵەم ئەدەن.