ناڕەزایەتیی کرێکارانی شارەداریی سەوڵاوا بە هۆی دواکەوتنی مووچەی چەند مانگەیان

16:10 - 30 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە کرێکارانی شارەداریی شاری سەوڵاوا، بە هۆی نەدان و دواکەوتنی مووچەی چەند مانگەیان لە لایەن شارەداریی ئەو شارەوە، لە بەردەم بینای شارەداریی سەوڵاوا کۆ بوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، کرێکارانی شارەداریی شاری سەوڵاوا بە هۆی دواکەوتنی مووچەی چەند مانگەیان، لە بەردەم بینای شارەداریی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

کرێکارانی شارەداری شاری سەوڵاوا، ماوەی ٨ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا داوایان لە بەرپرسانی شارەداریی کردوووە، لە پەیوەندیی لەگەڵ دواکەوتنی مووچەیان وڵام بدەنەوە.

بەرپرسی کاروباری ماڵیی شارەداریی شاری سەوڵاوا و سەرپەرەستی شارەداریی وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە کە ئەو کرێکارانە زیاتر لە ٥ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و ڕایگەیاند: شارەداریی سەوڵاوا لەگەڵ کێشەی ماڵیی بەڕەوروویە و هۆکاری سەرەکیی ئەم کێشە نەبوونی پشتیوانیی ماڵییە.

یەکێک لە کرێکارانی ناڕازیی شارەداریی سەوڵاوا ڕاگەیاند: ئێمە ماوەی دوو ساڵ و ٨ مانگە ئیزافەکاری و مووچەی ئیزافەمان وەرنەگرتووە و ماوەی چەند ساڵێکە پارەی کرێکارانی شارەداریی لە کاتی خۆیدا نادرێت و ئەمەش ئێمەی لەگەڵ کێشە بەڕەوروو کردووە.

یەکێکی دیکە لە کرێکارانی شارەداریی شاری سەوڵاوا رایگەیاند: ماوەی ٨ مانگە پارەمان وەرنەگرتووە و هێندێک جار بڕێکی کەم \"یارمەتیـ\"ـمان پێ دەدەن، ئەویش چەند ڕۆژ درێژە دەکێشت هەتا پێمان دەدن.

دواکەوتنی مووچەی کرێکارانی شارەداریی تایبەت بە شارەداریی سەوڵاوا نییە و زۆربەی شارەدارییەکانی کوردستانی ئێران، لەگەڵ کێشە دواکەوتنی مووچەی کرێکارانیان بەرەوڕوون.

نەبوونی ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆ، بە گرینگترین هۆکاری چارەسەر نەکردنی کێشەکانی کرێکاران ڕاگەیەندراوە.