ناڕەزایەتیی پەنابەرانی کورد دژ بە هەڵسوکەوتی پەنابەران لە \"کرۆواسیـ\"دا

14:58 - 30 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە پەنابەرانی کورد، کە وەکوو پەناخواز لە وڵاتی \"کرۆواسیـ\"دان، دژ بە هەڵسوکەوتی پەنابەران لە کەمپی پەنابەران لە \"زاگرێبـ\"ی پایتەختی کرۆواسیدا، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و هاوکات یەکێک لە پەنابەرەکان، مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە پەنابەرانی کورد، لە کەمپی \"زاگرێب\" لە وڵاتی کرۆواسیدا، سەبارەت بە هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و هەروەها ژنە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سنە بە ناوی \"شکوە کەریمی\"، مانی لە خواردن گرتووە.

پەنابەرەکان، ئەم هۆکارانەیان بە هۆکاری دەربڕینی ناڕەزایەتی و مانگرتنیان ناو بردووە: \"هەڵسوکەوتی دژ بە پەنابەران لە لایەن کارمەندان و بەڕێوەبەرانی ئەم کەمپە، بارودۆخی نەشیاو و پێڕانەگەیشتن لە بواری تەندروستی، یاسایی، مرۆڤایەتی، سایکۆلۆژی، منداڵان و ژنان و...\"

\"محەمەد هوژەبری\"، \"شکوە کەریمی\"، \"کامیل ئازەریون\" و \"ڕووناک شەرەفی\" و هاوکات دوو لاوی کوردی خەڵکی باشووری کوردستان بە ناوەکانی \"بەختەوەر حوسێن عزیز\"، ۳۳ ساڵە، کە لە لایەن پۆلیسی کرۆواسیوە بە گوللـە بریندار کراوە و \"هۆگر\" خەڵکی هەولێر، کە ماوەی ۱۰ مانگ لە زیندانی کرۆواسیدا بووە و دواتر بە ئەنجامی بێتاوانی ئازاد کراوە، لە ناڕازییانن.

ئەو کۆمەڵە پەنابەرە کوردە داوایان کردووە کە دەنگی ناڕەزایەتییان بگەیەندرێتە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی بەرگری لە مافی پەنابەران، ڕێکخراوە گەردوونییەکانی مافی مرۆڤ و یۆنیسێڤ و هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە بانگی مرۆڤدۆستی و یەکسانی دروشمیانە.

دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین کە لەم نێوانەدا خاتوو شکوفە کەریمی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر بەم بۆنەوە و بە هۆگەلێک کە لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەکرێت، لە ڕۆژی ۱٦ی \"مەیـ\"ـەوە، مانگرتن لە خواردنی ڕاگەیاندووە و بە کاربەدەستانی کەمپ و هەموو ئەوانەی ئەرکی تێپەڕاندنی کاروباری پەنابەرانیان لە ئەستۆیە لەم کەمپەدا ڕایگەیاندووە کە تا کاتێک بە داخوازییەکانمان ڕانەگەن، ئەو مانگرتنە بەردەوام دەبێت.

١- هەموو کاربەدەستان و کارمەندانی ئەم کەمپە (لە کارمەندانی پاککردنەوە تا مودیری کەمپ، پارێزەر، کارمەندانی خاجی سوور، یووئێن، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و وەرگێڕ و...) خەڵکی کرۆواسین و هەر هەموویان ڕقیان لە پەنابەرانە و بە شێوەیەکی زۆر فاشیستانە هەڵسوکەوت لەگەڵ پەنابەران و بەتایبەت کورداندا دەکەن.

٢- کارمەندانی پارێزگاری لە کەمپ، بە ئاشکرا هەڕەشە و سووکایەتی بە پەنابەران دەکەن و ئەگەر هەمبەر بە هەڵسوکەوتیان ڕاوەستین هەڕەشەی دەرکردن لە کەمپ و خستنە زیندان و دیپۆرتکردنمان لێ دەکەنەوە و کاربەدەستانی کەمپیش بە ئاشکرا پاڵپشتیانن.

۳- لەو ڕۆژەوەی ئەم کەمپە کراوەتەوە تا ئەمڕۆ، نەیانهێشتووە یەک میدیا و هەواڵنێری بیانی بێت و یەک ڕاپۆرت لەسەر پەنابەران دروست بکات.
٤- ئیزن نادرێت یەک ناڕەزایەتی دەربڕین هەبێت و ئەگەر ڕووداوێکی وا ڕوو بدات، ئەو کەسە دەگوازنەوە بۆ کەمپی داخراو و هەمان زیندان، بە ماوەی لانیکەم ٤ مانگ و تا ئەو کاتە بە زۆر ۲ جار \"ئینتر ڤیۆ\"ی لێ دەگرن و وڵامی ڕەڤزی پێ دەدەن .

٥- سەرەتاییترین هەڕەشەیان هەمان خاڵی ڕەش لەسەر کەیسی پەنابەرانە، تەنانەت ئەوەندە دەستیان ئاوەڵایە کە یەک سکۆریتی دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر خاڵی ڕەش و تەنانەت ڕەڤزی پەنابەراندا هەبێت.

٦- لە چێشتخانەدا، بە شێوەیەکی زۆر ناشیرین سووکایەتی بە پەنابەران دەکرێت و خواردنەکان فڕە دەدرێتە بەر دەمیان، وا دەزانن کە پەنابەران لە وڵاتی خۆیاندا جێگای خەو و خواردنیان نەبووە و ئێستا تەنیا خواستیان ئەو دوو شتەیە و ئیتر مرۆڤ نین.

٧- لێرە ژووری ڕاوێژکاری لەگەڵ پارێزەری لێیە، بەڵام پەنابەر مافی هەبوونی پارێزەری نییە.

ئەمانە و چەندین خاڵی تر بوونەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی پەنابەران و مانگرتنی شکوە کەریمی. لە کۆتاییدا، ئەو کۆمەڵە پەنابەرە بانگەوازی یارمەتی لە هەموو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی پەیوەندیدار بە دۆخی پەنابەران وەک نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و... دەکەن و دەڵێن کە دەنگمان ببیستن و ئاوڕێک لەم دۆخەمان بدەنەوە.