ناڕەزایەتیی رۆژنامەنووسانی كۆماری ئازەربایجان لەبەردەم باڵوێزخانەی ئێران لەو وڵاتە

21:34 - 16 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: ژمارەیەك لە نووسەران و چالاكانی مافی مرۆڤی كۆماری ئازەربایجان بە ناڕەزایەتیی دەربڕین بە دەستبەسەر كردنی دوو شاعیری ئەو وڵاتە لە تەورێز، لەبەدەم باڵوێزخانەی حكوومەتی ئێران لە باكوو كۆبوونەوە.

رێكەوتی 16‌ی گەلاوێژئەو نووسەر و رووناكبیران بە هەڵگرتنی نووسراوەی \"دەبێ‌ئێران شاعیرانی ئازەربایجانی ئازاد بكات\" خوپیشاندانیان بەڕێوە برد.

هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران مانگی بانەمەڕ \"شەهریار حاجی زادە و فەرید حوسێن ئۆف\" دوو شاعیری كۆماری ئازەربایجانیان لە شاری مەراغە دەستبەسەر كرد.

ئەو دوو شاعیرە بە مەبەستی بەشداری لو كۆڕیكی شیعر خوێندنەوە و لەسەر بانگهێشتی بەڕێوەبەرانی ئەو كۆڕە سەردانی مەراغەیان كردبوو.

حكوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانی ئەو دوو كەسەی سیخوڕی و دانی زانیاریی ئەمنیەتیی بە وڵاتی ئازەربایجان راگەیاندووە.

ئەمە لە حاڵێك دایە كە وەزیری دەرەوەی كۆماری ئازەربایجان ئەو تاوانانەی كە دراونەتە پاڵ ئەو دوو شاعیرە رەت كردۆتەوە.

حكوومەتی كۆماری ئازەربایجان رایگەیاندووە، هەتا ئێستا سێ‌نامەمان بۆ ئازاد كردنی ئەو دوو شاعیرە پیشكەش بە لێپرسراوانی ئێران كردووە، بەڵام ئەو حكوومەتە هیچ وڵامێكیان پێ‌نەدوانەتەوە.