ناڕەزایەتیی بنەماڵەی مامۆستا شەپۆل، لەمەڕ دژایەتیی لە ناشتنی ئەو ئەدیبە کوردە لە گۆڕستانی شاعێران

15:18 - 7 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: دەستەی ئومەنا‌ی‌ گۆڕستانی شاعێران لە شاری مەهاباد، لە نووسراوەیەکدا، دژایەتییان لەگەڵ ناشتنی تەرمی مامۆستا شەپۆل لە گۆڕستانی شاعێرەکانی ئەو شارە دەربڕی و ئەمەش ناڕەزایەتیی بنەماڵە و کۆمەڵگای کوردەکانی دانیشتووی شاری تارانی لێ کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٥ی جۆزەردان، دەستەی ئومەنای گۆڕستانی شاعێران، لە نووسراوەیەکدا، بە فەرمی دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ناشتنی تەرمی محەممەد ساڵح ئیبراهیمی ناسراو بە \"شەپۆل\" دەربڕیوە، کە لە گۆڕستانی شاعێرەکان لە شاری مەهاباد لە تەنیشت مامۆستا هێمن و هەژار بنێژرێت.

لەو پەیوەندییەدا، بنەماڵەی مامۆستا شەپۆل و کۆمەڵگای کوردەکانی دانیشتووی شاری تاران، لەسەر ئەو بڕیارە ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوایان لە بەرپرسانی حکوومەتی و شۆرای شاری مەهاباد کردووە، کە بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیارە بکەن.

بەڕێوەبەری کۆمەڵگای کوردەکانی دانیشتووی تاران ڕای گەیاند: ئێمە وەکوو کوردەکانی دانیشتووی شاری تاران و بنەماڵەی مامۆستا شەپۆل ناڕەزایەتی خۆمان لە هەمبەر ئەو بڕیارەی \"دەستەی ئومانای گۆڕستانی شاعێران لە شاری مەهاباد\" دەربڕیوە و لەو باوەڕەداین کە ئەو بڕیارە جێی قەبووڵکردن نییە و دوور لە چاوەڕەوانییە.

نووسەر، وەڕگێڕ، لێکۆڵەر، ڕۆژنامەوان و مامۆستای زانکۆ؛ دوکتور \"محەممەدساڵح ئیبراهیمی\" ناسراو بە \"شەپۆل\" ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زانا و نیشتمانپەروەر لە شاری مەهاباد لەدایک بوو، کە ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هه‌تاوی دوای ماوەیه‌کی کورت ململانێ لەگه‌ڵ نه‌خۆشی له تاراندا کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا جگە لە هاوکاریی ڕادیو تاران بۆ پەرەدان بە کولتوور و خزمەت بە زمانی کوردی لە ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی بە هاوکاریی مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی، محەممەد سدیقی موفتیزادە، مامۆستا سوارە ئیلخانیزادە و چەند کەسی دیکە کانوونی زمانی کوردیان لە تاران دامەزراند.