ناڕەزایەتی و ئاگردانی شارەداریی مەریوان لە لایەن خەڵکەوە

14:48 - 29 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی شاری مەریوان، بە هۆی خاوێن نەکردنی زبڵ و خاشاکەکانی ئەو شارە لە لایەن شارەدارییەوە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی ئاگریان لە شارەداریی ئەو شارە بەردا.

شەوی ڕابردوو، ٢٩ی گەلاوێژ، هاووڵاتییانی شاری مەریوان زبڵ و خاشاکەکانی ماڵەکانیان لە بەردەم بینای شارەداریی شاری مەریوان کۆ کردەوە و ئاگریان تێبەردا.

ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی شاری مەریوان، لەوە سەرچاوەی گرتووە، کە شارەداریی ئەو شارە بە هۆی کۆ نەکردنەوەی زبڵەکان لە ناو شارەدا، بوو بە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕینی هاووڵاتییانی ئەو شارە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ماوەی نزیک بە ٢٥ ساڵە شارەداریی مەریوان زبڵ و خاشاکەکانی ئەو شارە لە شوێنی بە ناوی \"ئەسراوا\" کۆ دەکاتەوە و خەڵکی ئەو گوندەش ئیزنی کۆ کردنەوەی زبڵەکانیان لە نزیک ئەو گوندە بە شارەداریی نەداوە و ماوەی ١٠ ڕۆژە شارەداریی زبڵەکان لە ناو شاردا کۆ ناکاتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: کۆنەکردنەوەی زبڵەکان لە نێو شاردا، فەزایی شاری مەریوانی ناشیرین کردووە و ئەمەش بووتە هۆی ناڕەزایەتی و تووڕەبوونی خەڵک و زبڵ و خاشاکەیان لە بەردەم بینا شارەداریی کۆ کردووەتەوە و ئاگریان تێبەرداوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە، سەرەڕای بەڵێنەکانی فەرماندار و شارەداری ئەو شارە، بە خەڵک بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕی و گوێیان بە بەڵێنەکانی بەرپرسە حکوومەتییەکان نەداوە.

هاووڵاتییانی خەڵکی شاری مەریوان، بە تاوانبارکردنی شۆرا و شارەدارییەکانی پێشوو و ئێستا خوازیاری دەست لە کارکشانەوەی ئەوان بوون.