ناڕوونیی چارەنووسی "ئیدریس فەقیهی" لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ دوای ١١ مانگ

18:08 - 11 پووشپەڕ 2722

ئیدریس فەقیهی تەمەن ٣٧ ساڵ پاش ١١ مانگ لە دەسبەسەری لەلایەن ئیتلاعاتی سپا لە شاری بۆکان، هێشتا چارەنووسی لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ ناڕوونە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بە کوردپای ڕاگەیاند: "پاش دەسبەسەرکردنی ئیدریس لە گوندی عیلم ئاوای شاری بۆکان و ڕەوانەکردنی بۆ گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ، هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندان ئیزنی چاوپێکەوتنیان بەو زیندانییە سیاسییە لەگەڵ بنەماڵەکەی نەداوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو زیندانییە سیاسییە بەهۆی شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە گوندی عیلم ئاوای بۆکان، بە برینداری دەسبەسەر و لەو کاتەوە تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە. بنەماڵەکەی چەندین جار سەردانی زیندانی بۆکان و ورمێیان کردووە، هەموو جار بەرپرسانی زیندان پێیان دەڵێن کە کوڕەکەیان کوژراوە و پاش گەڕانەوەی بنەماڵەی فەقیهی، کەسێکی لیباس شەخسی دەچێت بەو بنەماڵەیە ڕادەگەیەنێت کە کوڕەکەیان زیندووە".

سەرچاوەی نزیک لە بنەماڵەی فەقیهی بە کوردپای ڕاگەیاند: "هەرجارە کە بنەماڵەی فەقیهی سەردانی گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ دەکەن بەرپرسانی زیندانی دەست دەکەن بە بێڕێزیکردن بە دایک و خوشکی ئیدریس و چەند وێنەی کەسێکی کوژراویان پێشان دەدەن و دەڵێن ئەوە کوڕەکەتانە کە کوژراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروه‌ها دەڵێت: "بەهۆی ناڕوونیی چارەنووسی ئیدریس فەقیهی، دایکی ئەو زیندانییە سیاسییە هەڕەشەی خۆئاگردانی کردبوو و مەئمووران دەستیان کردووە بە بێڕێزیکردن بەو ژنە بە تەمەنە. بنەماڵەی فەقیهی تەنیا سەرەداوێک لە کوڕکەیان هەیە، لەلایەن یەکێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان، ئاگادار کراونەتەوە کە ئیدریس فقیهی لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ ڕاگیراوە، ئەوە لە حالێکدایە کە بەرپرسانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەر جار ولامێکی ناڕوون لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکەیان بەو بنەماڵەیە دەدەنەوە".

ئیدریس فەقیهی کوڕی عەبدوڵڵا ساڵی ٦٥ی هەتاوی لە شاری سنە لەدایک بووە و ساڵی ٩٥ بووە بە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠ لە گوندی عیلم ئاوای شاری بۆکان بە برینداری دەسبەسەر و بنەماڵەی پاش چل ڕۆژ لە دەسبەسەری ئاگادار کرابوونەوە.