ناڕوونیی چارەنووسی کەیوومەرس لەتیفی مامۆستای زمانی کوردی لە ئیدارەی ئیتلاعات

18:35 - 31 خاکەلێوه 2722

پاش ڕاگواستنی کەیوومەرس لەتیفی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی، لە زیندانی سنە بۆ ئیتلاعاتی ئەو شارە، بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لە چارەنووسی نییە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خاکەلێوە، ئەو چالاکه مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردییە لە زیندانی سنە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستا بنەماڵەکەی لە هۆکاری ڕاگواستنی ئەو چالاکە مەدەنییە بۆ ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە، بێ ئاگان.

ڕاگواستنی کەیوومەرس لەتیفی  لە زیندانی سنە بۆ ئیدارەی ئیتڵاعات نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێ کەوتووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، کەیوومەرس لەتیفی چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

پێشتریش هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییە کردووە کە لە میدیاییکردنی دەسبەسەریی کەیوومەرس خۆ ببوێرن و بێدەنگی هەڵبژێرن.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، بنەماڵەی "کەیوومەرس لەتیفی" چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ئەنجامی بەدواداچوونی بنەماڵەی کەیوومەرس لەتیفی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، خوشکی ئەو چالاکە مەدەنییەیان بە ناوی "ئارەزوو لەتیفی" دەسبەسەر کردبوو.

"ئارەزوو لەتیفی'' پاش دەسبەسەرکرانی کورت ماوە، بەهۆی نالەباربوونی دۆخی تەندروستی و لێدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ''تەوحید''ی سنە کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندان ساڵی ١٤٠٠، کەیوومەرس لەتیفی تەمەن ٤١ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر کرابوو.

کەیوومەرس چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردی بووە و پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی "مەولەوی" لە سنە بووە.