ناڕوونیی چارەنووسی کەژاڵ هوژەبری پاش ١١ رۆژ لە دەستبەسەر کران

14:47 - 24 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هاوسەری یەکێک لە چالاکانی سیاسیی خەڵکی مەریوان و نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، پاش ١١ رۆژ لە دەستبەسەر کران چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چارەنووسی کەژاڵ هوژەبری کە رێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەریوانەوە دەستبەسەر و سێ رۆژ دواتر بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە راگوێزرابوو، هەتا ئێستا بە ناڕوونیی ماوەتەوە.

عەلی دانش چالاکی سیاسی و هاوسەری کەژاڵ هوژەبری بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ \" تەنیا بە مەبەستی ناچار کردنی من بۆ گەڕانەوە بۆ ناوخۆی وڵات، هاوسەرەکەمیان دەستبەسەر کردووە\".

\"16670.jpg\"
عەلی دانش چالاکی سیاسی و هاوسەری کەژاڵ هوژەبری: \" تەنیا بە مەبەستی ناچار کردنی من بۆ گەڕانەوە بۆ ناوخۆی وڵات، هاوسەرەکەمیان دەستبەسەر کردووە\"
ئەو چالاکە سیاسییە گوتیشی \"پێشتریش لە مانگی رەشەممەی ساڵی رابردوودا هێزە ئیتلاعاتییەکان \"کەژاڵ\"یان دەستبەسەر کردبوو و پێیان راگەیاندبوو کە دەبێ لە هاوسەرەکەت جیا ببیتەوە\".

ناوبراو ئەوەشی خستەروو، دوابەدوای دەستبەسەر کرانی کەژاڵ، مامی هاوسەرەکەمیان بەناوی \"هیوا هوژەبری\" دەستبەسەر کردووە و هەتا ئێستاش هیچ هەوالێک لە چارەنووسی ئەویش لەبەر دەستدا نییە.

عەلی دانش چالاکی سیاسیی خەڵکی گوندی بەردەڕەشی مەریوان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە \"هاوکاری کردنی دەزگا زانیارییەکانی وڵاتی ئیسراییل\" تاوانبار کراوە.

کەژاڵ هوژەبری کە بەهۆی چالاکیی سیاسیی هاوسەرەکەیەوە دەستبەسەر کراوە، ٣ منداڵی بەناوەكانی محەممەد تەمەن ١١ ساڵ ، مەتین تەمەن ٦ساڵ و لاوێن تەمەن ٥ ساڵ‌هەیە و هەنووکە ئەو منداڵانە بێ سەرپەرست ماونەتەوە\".

ئەو چالاکە سیاسییە مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٠ بە هۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە ناچاری وڵاتی بەجێ هێشت و لەو ماوەیەدا، چەندین کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو چالاکە سیاسییە بەرەوڕووی دەستبەسەر کران و لێپرسینەوەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوونەتەوە.