ناڕوونیی چارەنووسی کچە خوێندکارێکی کوردی ئەندامی کەمپەینی داکۆکی لە مافی ژنانی بێ سەرپەرست

14:39 - 31 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: کچە چالاکێکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری قووچان لە ئوستانی خۆراسان، پاش ئەوەی بەهۆی چالاکییەوەکانییەوە لەمەڕ داکۆکی لە مافی ژنانی بێ سەرپەرست، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی لێ‌کرابوو، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئارەزوو وەتەنی کچە خوێندکاری کوردی تێرمی ٥ی رشتەی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی عیلمی ـ کاربوردیی فەرهەنگ و هونەری شاری مەشهەد، کە بەرەوڕووی هەڕەشەی دەستبەسەرکرانی مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەد ببوویەوە، هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ هێزە ئیتلاعاتیەکان لە ماوەی ناڕوونیی چارەنووسی ئارەزوو وەتەنی‌دا، چەندین جار چوونەتە ماڵی باوکی ناوبراو و ماڵی باوکی ئەو کچە خوێندکارەیان پشکنیوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەرەڕای سەردانی بنەماڵەی ئارەزوو وەتەنی بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی شاری مەشهەد لەمەڕ چارەنووسی کچەکەیان، هیچ زانیارییەکیان پێ رانەگەیاندراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە ژمارەیەک لە هاوکارانی ئارەزوو وەتەنی، کە ئەندامی کەمپەینی خۆڕسکی داکۆکی لە مافی ژنانی بێ سەرپەرستی شاری قووچان بوون، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەدەوە دەستبەسەر کران.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەد پێشتر هەڕەشەی دەستبەسەر کردنی لەو چالاکە دەستبەسەر کراوانەی ئەندامی کەمپەینی داکۆکی لە مافی ژنانی بێ سەرپەرستی شاری قووچان کردبوو، کە هەتا ئێستا شوناسیان بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوە.

پێشتریش لە رێکەوتی ‌١٧‌ی رەشەمە ( ٨‌ی مارس رۆژی جیهانیی ژنان)، مریەم ناسری چالاکی بواری مافەکانی ژنان و یەکێک لەئەندامانی کەمپەینی پشتیوانی لەژنانی بێ سەرپەرەست و ئازار دیتوو لە شاری سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرابوو.

ساڵی ١٠٣٨ی کۆچی مانگی، شا عەباسی سەفەوی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هێرشی (ئوزبەکان) بۆ سەر ئێران، ژمارەیەک لە هۆزە کوردەکانی باکووری کوردستانی ئێرانی بۆ شاری قووچان راگواست، کە زۆربەیان سەربە هۆزی زەعفەرانلوو بوون.