ناڕوونیی چارەنووسی ژن و مێردێکی مەریوانی

15:24 - 4 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: پاش زیاتر لە ٣ مانگ لە دەستبەسەر کرانی ژن و مێردێکی خەڵکی مەریوان، هیچ هەواڵیک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٧ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی ژن و مێردێکی خەڵکی شاری مەریوان بەناوەکانی \"به‌یان کاکاخانی\" و \"هیوا دارئافه‌رین\" لەلایەن هێزە ئیئتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆشوێنێکی نادیار راگوێزران.

لە هەمان رۆژدا ٤ هاووڵاتیی دیکەی مەریوانی بەناوەکانی\"هێمن\"، \"فاڕووق رەحیم زادە\" ، \"خەلیل شێرزادی\" و \"عەبدوڵڵا گوڵشەن\" لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران کە هەتا ئیستا هێچ هەواڵێک لە چارەنوسیان لە بەردەستدا نییە.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوموەتی ئیسلامیی ئێران رایانگەیاندبوو کە ئەو ٦ کەسەیان لەپەیوەندی لەگەڵ کوژرانی  ئەندامێکی پێشووی سپای پاسداران بەناوی \"ئیبراهیم محەممەدی\" دا دەستبەسەر کردووە، بەڵام کەسوکاری ئەو دەستبەسەر کراوانە ئەو تۆمەتەیان بێ بنەما و ساختە لە قەڵەم داوە.

مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوو، کەسێک بەناوی \"ئیبراهیم محەممەدی\" ناسراو بە \"بلە قەرەچی\" کوڕی عەلی دەروێش حوسێن و خەڵکی گوندی \"بەڕوەر\"ی سەربە بەخشی \"کەڵاتەرزان\"ی شاری سنە بە تەقەی کەس یان کەسانێکی نەناسراو کوژرا.

بەوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی مەریوان، بلە قەرەچی یەکێک لە ئەندامانی بە پێشینەی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دەستێکی باڵای لە قەڵاچۆ و کوشتوبڕی خەڵکی ناوچەکانی مەریوان و سنەدا هەبووە.