ناڕوونیی چارەنووسی چوار مامۆستای دەسبەسەرکراوی دیواندەرە پاش نزیک بە ٥٠ ڕۆژ

11:28 - 11 گەلاوێژ 2722

سەرەڕای تێپەڕینی ٤٨ ڕۆژ بە سەر دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی "ئومید شامحەممەدی، هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە"، چوار چالاکی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- دیواندەرە، هێشتا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە، ئازاد نەکراون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمە سێیەمین جارە کە دادگا بڕیاری دەسبەسەرکردنی ئەو چوار مامۆستا کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیان، درێژ دەکاتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٨ ڕۆژ بە سەر دەسبەسەرکردنی ئەو چوار چالاکە سێنفییە، هەتا ئێستا ئەو چوار مامۆستایە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەریی ئەو چوار مامۆستا دیواندەرەییە، نیگەرانیی لای بنەماڵەکانی ئەوان دروست کردووە و ئەو بنەماڵانە لە دۆسییەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ ئەو چالاکە سێنفییانە دەترسن.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، ئەو چوار ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش دەسبەسەری بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوون.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی، ئومید شامحەممەدی و کاوە محەممەدزادە