ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد پاش نزیک بە دوو مانگ لە دەسبەسەری

12:13 - 5 گەلاوێژ 2722

سەرەڕای تێپەڕینی نزیک بە دوو مانگ لە کاتی دەسبەسەریی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "داریووش مێهدی‌زادە" کوڕی نەسروڵڵا خەڵکی گوندی "پاڵنگان" و دانیشتووی شاری کامێران، لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: داریووش مێهدی‌زادە لە ئاژانسێکی موسافیربەری لە شاری کامێران خەریکی کار کردن بووە.

ئەو هاووڵاتییە خێزاندار و باوکی کچێکە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.