ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد لە ئیلام

15:47 - 3 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵکی شاری ئیلام کە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ، لاوێکی کورد خەڵکی شاری ئیلام، بە ناوی \"مەحیەدین غەیاسی\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو لاوە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بنەماڵەی ئەو لاوە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووە و هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی زانیاری بەو بنەماڵەیە خۆدەبوێرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی درووست کردووە.