ناڕوونیی چارەنووسی ٥ هاووڵاتیی بانە لە زیندانیی ناوەندیی سنە

11:04 - 21 خاکەلێوه 2722

چارەنووسی پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەفیق پزیشکی، بێهزاد پزیشکی، کەریم پزیشکی، سەعید ڕەشیدی و جەماڵ مروەتی" خەڵکی شاری بانە، لە زیندانی سنە ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ٥ هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەرین و هەتا ئێستا دادگایی نەکراون.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لەگەڵ ئازادکردنی ئەو ٥ هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە دژایەتیی کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠ ئەو ٥ هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوون.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو ٥ کەسەیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووه.

ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵور، ئەو ٥ کەسە بێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی بە بێڕێزی و لێدان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنیان بێڕێزیان بە بنەماڵەکانیشیان کردبوو. هەروەها کەرەستەی شەخسیی ئەوانیشیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

وێنە: سەعید ڕەشیدی، بێهزاد پزیشکی، کەریم پزیشکی، ڕەفیق پزیشکی و جەماڵ مروەتی