ناڕوونیی چارەنووسی مامۆستایەکی زمانی کوردی؛ دوو مانگ لە دەسبەسەرکردنی "کەیوان مینوویی" تێدەپەڕێت

11:58 - 22 بەفرانبار 2721

پاش تێپەڕینی دوو مانگ لە دەسبەسەرکردنی "کەیوان مینوویی" مامۆستای زمانی کوردی و چالاکی مەدەنیی خەڵکی گوندی "نێـ"ـی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: "هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی مینوویی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کەیوان بێئاکام ماوەتەوە".

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، کەیوان مینوویی بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، مۆبایلەکەی و هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو چالاکە مەدەنییە، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.