ناڕوونیی چارەنووسی فاتێح مەجیدی و زۆربوونی نیگەرانییەکان لەمەڕ بارودۆخی ناوبراو

12:40 - 23 جۆزەردان 2722

لە چارەنووسی فاتێح مەجیدی، مامۆستای دەرکراو و چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری بانە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناڕوونیی چارەنووسی ناوبراو نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێ کەوتووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە کرێکارییە لە سێیەمین ڕۆژی دەسبەسەریی خۆیدا تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و پاش ئەوە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەگرتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو چالاکە کرێکارییە لە دەسبەسەری و لە مانگرتندایە و بنەماڵەکەی نیگەرانی باری تەندروستیی ئەو مامۆستا دەرکراوەن".

فاتێح مەجیدی لە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ دەسبەسەرکرانی نایاسایی و بێبەریکردنی لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەوا و دەرمانەکانی، مانی لە خواردن گرتووە.

بارودۆخی گشتیی ئەو چالاکە کرێکارییە پاش مانگرتنگەکەی نالەبار ڕاگەیەندراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "لەو ماوەیەدا فاتێح مەجیدی بە دەست و پێ بەستراوەیی بۆ دەرەوەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە ڕاگوێزراوە و دواتر لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی بۆ گرتنگە گەڕێندراوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "فاتێح مەجیدی نەخۆشیی دڵ و گورچیلەی هەیە و دڵی ئەو چالاکە کرێکارییە بە باتری کار دەکات".

ئەو چالاکە کرێکارییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و نالەباربوونی تەندروستیی گشتیی ئەو چالاکە کرێکارییە لە دەسبەسەریدا، نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێ کەوتووەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، فاتێح مەجیدی لەگەڵ ٦ چالاکی دیکەی کرێکاری لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

فاتێح مەجیدی لە ساڵی ١٣٥٩ هەتا ١٣٦٨ بە تۆمەتی "لایەنگەری  و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان"، لە زیندانەکانی گەوهەردەشت و ئێڤین و هەروەها سنە و کامێران، زیندانی بووە.