ناڕوونیی چارەنووسی سێ چالاکی مەدەنیی کورد و گوشارهێنان بۆ سەر بنەماڵەکانیان

17:37 - 6 رەشەمه 2719

لە چارەنووسی "سیروس عەباسی، فەریدە وەیسی و ئازاد عەباسی"، لە چالاکانی مەدەنیی کورد لە شاری قوورە و دێوڵان پاش ٤٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ چالاکە مەدەنییە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لە ژێر لێکۆڵینەوە دانە و لە دەسپێراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان" بێبەری کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو سێ چالاکە مەدەنییە کوردەیان، خستووەتە ژێر دانپێدانانی زۆرەملێ کە ئەوان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە پێوەەندیی دان، بەڵام ئەو سێ چالاکە مەدەنییە تۆمەتی بێنەمای هێزە ئیتلاعاتییەکانیان ڕەت کردووەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان گوشارەکانیان بۆ سەر ئەو سێ چالاکە مەدنییە زۆرتر کردووە و بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە کە لەگەڵ ئەو چالاکانە کە لە دنیای مەجازی لە سیروس و فەریدە و ئازاد عەباسی پشتیوانییان لێ دەکەن، بە توندی هەڵسووکەوت دەکەین.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "هەتا ئێستا فەریدە وەیسی تەنیا جارێک لەگەڵ کچەکەی "کانی" لە ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە چاوپێکەوتنی هەبووە".

 ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بەفرانبار، "سیرووس عەباسی" و "فەریدە وەیسی"، لە چالاکانی مەدەنیی کوردی خەڵکی دێولان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

 هێزە ئیتلاعاتییەکان لە پێش چاوی کچەکەیان کە قوتابیی پۆلی چواری سەرەتاییه، ئەو دوو چالاکە مەدەنییەیەیان دەسبەسەر کردووە.

پاش دەسبەسەرکردنی سیروس عەباسی و فەریدەی هاوژینی، ئازاد عەباسی لە کاتی بەدواداچوون بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی براکەی و هاوژینەکەی، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی دێوڵان لەگەڵ هەڵسووکەوتی نەشیاوی مەئموورانی ئیتلاعات بەرەڕوو بووەتەوە و دەسبەسەر کراوە.