ناڕوونیی چارەنووسی سلێمان سالک هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد

11:51 - 13 خەرمانان 2722

لە بارودۆخی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سلێمان سالک" تەمەن ٦٩ ساڵە خەڵکی شاری مەهاباد، پاش دەسبەسەرکرانی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە پاش ١٦ ڕۆژ لە دەسبەسەری، هەتا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو؛ سلێمان سالک هەتا ئێستا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژ، ناوبراو پاش بانگهێشتکردنی بۆ دادگای ئینقلابی پیرانشار، دووبارە دەسبەسەر کرابووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژ، ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ بۆ زیندانی نەغەدە، ڕاگوێزرابوو.

سلێمان سالک لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە جاددەی پیرانشار- مەهاباد، دەسبەسەر کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.