ناڕوونیی چارەنووسی دانا لەنجاوایی پاش تێپەڕینی ٨ رۆژ

19:29 - 12 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٨ رۆژ بەسەر دەستبەسەر کرانی دانا لەنجاوایی‌دا، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دانا لەنجاوایی چالاکی خوێندکاری و مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، کە رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی رێبەندان لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا، هەتا ئێستا شوێنی راگیران و چارەنووسی روون نەبۆتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو چالاکە خوێندکارییە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ کەسوکاری دانا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەردەوام سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانیان کردووە، بەڵام مەئموورانی لە دانی زانیاری بە بنەماڵەکەی خۆیان بواردووە.

ئەو چالاکەی مافی مرۆڤییە ساڵی رابردوو لەسەر بڕیاری راستەخۆی وەزارەتی ئیتلاعات هاوڕێ لەگەڵ عەز‌یز تازیک و ژیار سڵامه‌تیان لە زانکۆی پەیام‌نووری مەریوانەوە بۆ زانکۆی پەیام نووری سنە دوور خرایەوە.

دانا لەنجاوایی بەهۆی چالاکییەکانییەوە، لە مانگی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاویدا لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەریوانەوە بە ٥ ساڵ زیندانی تەعلیقی حوکم درابوو.

دوابەدوای دەستبەسەر کرانی دانا لەنجاوایی چەندین چالاکی خوێندکاری و مەدەنیی شاری مەریوان بانگهێشتی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران و بەرەوڕووی لیپرسینەوە بوونەوەو رۆژی سێشەممەی رابردوو رێکەوتی ٨ی رێبەندان سێ خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان بەناوەکانی مەیسەم جوانمیری، دانا ئەمینی و سۆران راوش لە خوێندن بێبەش کران.