ناڕوونیی چارەنووسی خوێندکارێکی مەهابادی پاش دەستبەسەر کران

15:46 - 18 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: پاش نزیک بە یەک مانگ لە دەستبەسەر کرانی خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سابیر شێخ عەبدوڵڵا، کە خوێندکاری کارناسیی باڵای زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران بووە، رۆژی ٢٤ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هیزە لیباس شەخسییەکانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر و رەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو خوێندکارە کوردە پاش گەڕانەوە لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران بەرەو شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە لەو شارە بەرەوڕووی دەستبەسەر کران بۆتەوە.

\"19214.jpg\"
سابیر شێخ عەبدوڵڵا، خوێندکاری کارناسیی باڵای زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران
دەگوترێت، هێزە لیباس شەخسییەکان پاش دەستبەسەر کردنی سابیر شێخ عەبدوڵڵا، چوونەتە ماڵی باوکی ئەو چالاکە خوێندکارییە و لەپ‌تاب و کەرەسە شەخسییەکانی ناوبراویشیان زەوت کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوی ئەم هەواڵە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک لەمەر هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیرانی ئەو خوێندکارە کوردەی خەڵکی شاری مەهاباد لەبەر دەستدا نییە.

لە ماوەی رۆژانی رابردووشدا چالاکێکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری سەقز، کە بەهۆی رەخنە گرتنەوە لە زانکۆی زاست و لێکۆڵینەوەی تاران دەرکرابوو، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٣ شەو و رۆژ لێپرسینەوەی لێکرابوو.