ناڕوونی چوار مانگ لە دەسبەسەر کرانی چالاکێکی ژینگەیی لە شاری سنە

13:35 - 25 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە، کە ٤ مانگ پێش، لە لایەن ‌مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر کرابوو، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چارەنووسی چالاکێکی ژینگەپارێزی بە ناوی \"هومایوون بەهمەنی\" کە ماوەی چوارمانگە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە، ناڕوونە.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە، لە ماوەی دەسبەسەر کرانیدا، لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە و لە ماوەی دەسبەسەر کرانیدا، تەنیا چەند جارێکی پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، هەبووە.

دۆسیەی هومایوون بەهمەنی، ڕەوانەی لقی دووی \"بازپرس\"ی شاری سنە کراوە و هەتا ئێستا ناوبراو بە شێوەی کاتی لە گرتنگە دایە و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

هەروەها، ئەو چالاکە ژینگەپارێزیە، \"لە گرتنی پارێزەر بێبەرییە\" و بنەماڵەی ناوبراو سەبارەت بە دۆخی جیسمانی کوڕەکەیان لە گرتنگە، نیگەرانن.

ئەو چالاکە ژینگەیە، ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ئەمساڵ، لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.