ناڕوونی چارەنووسی سێ چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری دێولان لە زیندانی سنە

19:12 - 5 سەرماوەز 2722

"سیروس عەباسی"، "ئازاد عەباسی" و "مێهدی جەوانمەردی" لە چالاکانی مەدەنیی شاری دێولان، لە زیندانی سنە ڕاگیراون و چارەنووسیان ناڕوونه.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ ئەو سێ چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هەتا ئێستا دادگا لەگەڵ ئازادکردنی ئەو سێ چالاکە مەدەنییە بە دانانی بارمتە، ڕەزامەندی دەرنەبڕیوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە تۆمەتی‌وەپاڵدراوی ئەو سێ چالاکە مەدەنییە، تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە.

"سیروس عەباسی" و "ئازاد عەباسی" ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ۱٤۰۱، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ئەو  شارە ڕاگوێزراون.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەزبەری ۱٤۰۱، "مێهدی جەوانمەردی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی سنە، ڕاگوێزراوە.

وێنە لە راستەوە بۆ چەپ: مێهدی جەوانمەردی، سیروس عەباسی و ئازاد عەباسی