ناڕوونی چارەنووسی خەبات فەدایی و گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان لە سەر بنەماڵەکەی

11:25 - 28 رەزبەر 2722

''خەبات فەدایی'' پاش ٢٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، هەنووکە چارەنووسی لە زیندانی ئێڤین ناڕوونە و لەو ماوەیەدا، تەنیا چەند جارێک پێوەندیی تەلەفونی بە بنەماڵەکەیەوە، گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپا ڕایگەیاند: ''ئەو هونەرمەندە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و بنەماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ژێر گوشاری توند دان''.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە سەر ماشین، پارەی حەسێبی بانکی خۆی و ژنەکەیدا، گرتووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە هەموو ڕۆژێک هاوژینی خەبات فەدایی سەردانی زیندانی ئێڤین دەکات بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی هاوژینەکەی، بەڵام مەئموورانی زیندانی بێڕیزی پێ دەکەن.

خەبات فەدایی خەڵکی گوندی "بۆڕییەر" سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی شاری تارانە و لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەر، لە شاری تاران دەسبەسەر کراوە.