ناڕوون بوونی چارەنووسی چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پەسوێی پیرانشار

15:55 - 6 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتیی کورد، خەڵکی \"پەسوێ\" سەر بە شاری پیرانشار، پاش بانگهێشت کردن بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خاکەلێوە، چوار هاووڵاتیی کورد، خەڵکی \"پەسوێـ\"ـی شاری پیرانشار، بە ناوەکانی \"ئەیووب قادری\" تەمەن ١٧ ساڵ، سەلام وەتەندووست، سادق قادری و سابیر سەعیدە\"، پاش بانگهێشتکردن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار بە بیانووی پشووی نەورۆز سەبارەت بە چارەنووسی ئەو چوار هاوووڵاتییە کوردە، لە دانی زانیاری بە بنەماڵەکانیان خۆ دەبوێرێت.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو چوار هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.