ناوەندە ئەمنیەکان لە چاپخانەکانی ورمێ سیخوڕی دەکەن

13:27 - 12 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ بە مەبەستی ناسینەوەی چالاکانی فەرهەرنگی و چاوەدێری کردنی چاپخانەکان، کەرەسەی سیخوڕیی لە چاپخانەکان دامەزراندووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی چەندین مانگە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ بە مەبەستی ناسینەوەی چالاکانی فەرهەنگی و کونتڕۆڵ کردنی چاپخانەکانی ئەو شارە، سەرجەم ناوەندەکانی چاپ و بڵاو کردنەوەی بە کەرەسەی سیخوڕی تەیار کردووە.

یەکێک لە خاوەن چاپخانەکانی ورمێ بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: لەمەو بەدوا چاپ کردنی برووشوور و گۆڤار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری دەکرێن.

ئەو خاوەن چاپخانەیە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەم رەوتە ماوەی چەند مانگێکە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستی پێ کردووە و تاکە ئامانجیشیان ناسینەوەی چالاکانی فەرهەنگی، مەدەنی و رۆژنامەنووسیی شاری \"ورمێ\"یە.

پێشتریش هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ورمێ چووبوونە كافی‌نێتەكانی ئەو شارە و بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ کردنی کاربەران، چەندین \"نەرماڵە\"ی تایبەتییان لەسەر کۆمپیوتێرەکان دابەزاندبوو.