ناوەندە ئەمنییەکان لێپرسینەوەیان لە چوار ئەندامی مەکتەب قورئان کرد

21:05 - 13 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سێ ئوستانی کوردنشێندا، لێپرسینەوەیان لە ئەندامانی مەکتەب قرئان کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوار کەس لە ئەندامانی مەکتەب قورئان لە شاری سنە، پیرانشار و پاوە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارانەوە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بانگهێشت کراون.

هۆکاری بانگهێشتی ئەو هاووڵاتییە کوردانە \"پەیوەندی لەگەڵ مەکتەب قورئان و چالاکیی ئەو رەوتە مەزهەبییە\" راگەیەندراوە.

ئەو راپۆرتانەی کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، باس لەوە دەکەن، یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان بەناوی (سەعید سەجادی) لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی پاوە و ئەو کەسانەی دیکەش بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.

شوناسی ئەو سێ کەسەی دیکە سەلاح عالەمی، موحسین حوسێنی و فەرید نەقشبەندی و خەڵکی شارەکانی پیرانشار و سنە راگەیەندراوە.

مەکتەب قورئان نووسیویەتی؛ ناوەندە ئەمنییەکان کۆمەڵێک پرسیاری وەکوو \"بۆچی پەیڕەوی لە ئەحمەدی موفتی‌زادە دەکەن؟، بۆچی بۆ دەسپێک و کۆتایی مانگی رەمەزان کەڵک لە زانستی ئەستێرەناسی وەردەگرن، لە ئەندامانی مەکتەب قورئان کردووە.

پێشتریش هەواڵنێری کوردپا رایگەیاندبوو، کە حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد، دوو لاوی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردبوو.

لە ئوستانی کرماشان و لە شاری کەنگاوەر، کچە رۆژنامەنووس و چالاکێکی فەرهەنگیی ناسراوی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرابوو.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا ٧٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون.