ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە کوردستان بۆ فیلمهەڵگرتن لە ناڕەزایەتییەکان کەڵک لە پەهپاد وەردەگرن

15:35 - 11 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی ئێران لە کوردستان، پەهپاد بۆ فیلمهەڵگرتن لە خەڵكی خۆپیشاندەر بەکار دەهێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە شاری سنە پەهپادیان بۆ فیلمهەڵگرتنەوە لە خەڵك بەکار هێناوە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار، خەڵکی شاری سنە بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی هەنووکەیی ئێران لە گۆڕەپانی ئازادی سنە گردبوونەوە؛ ئەم کۆبوونەوە لە کاتێکدا بەڕێوە چووە کە ‌هێزە لیباس شەخسییەکان بە شێویەکی بەرین لە نێو شاری سنەدا بڵاوەیان پێكراوە و لیباس شەخسییەکان لە نێو خەڵکدا لە هاتووچۆدا بوون.

بەپێی هەمان هەواڵ، چەندین حاڵەتی تێکهەڵچوون لە نێوان ‌خەڵک وهێزەکانی دژەشۆڕش ڕوویداوە.

لەلایەکی دیکەشەوە دوێنێ لە شاری سەقز هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم مەیدانەکانی بەرگاراج(ئازادی) هەتا مەیدانی هەڵو و سێ ڕێیانی مزگەوتی جامێعەیان تەنیبوو کە زۆربەیان جلی شەخسی و ماشینی شەخسیان پێ بووە و تەواوی ئەو شەقام و مەیدانانەیان خستبووە ژێر چاودێری وردەوە .

هەر لەم پێوەندییەدا هەواڵنێریی کوردپا ڕایگەیاندووە: خەڵک لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا پێداویستیەکانی ژیان لە ماڵەکانی خۆیاندا ئەنبار دەکەن.

لەم پەیوەندییەدا، هەردوو ئیتلاعاتی سنە و حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنییان ڕاگەیاندووە کە نابێت هیچ بابەتێک بۆ پشتگیری لە خۆپیشاندانەکان بڵاو بکەنەوە و پشتیوانی لە ناڕەزاییەتییەکانی خەڵک نەکەن.

ئەم دوو ناوەندەی ئیتلاعات بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنییان وتووە ئەگەر پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵک بکەن ڕووبەڕووی سزای قورسی قەزایی دەبنەوە.