ناوەندی \"ڤەژین\" ، چەندین خولی فێرکاری بەڕێوەدەبات

21:20 - 20 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی \"ڤەژینـ\"ی مەریوان، لە هاوینی ئەمساڵدا، چەندین خولی فێرکاری بەڕێوەدەبات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی ڤەژین، کە ماوەی چەندین ساڵە لە شاری مەریواندا چالاکیی فەرهەنگی، مەدەنی و هونەری دەکات، لە هاوینی ئەمساڵیشدا، چەند خولێکی فێرکاری بەڕێوەدەبات.

خولە فێرکارییەکانی تایبەت بە منداڵانی ئەم ناوەندە فەرهەنگییە، بریتین لە: \"مۆسیقا، زمانی کوردی، شێعر و چیرۆک و نیگارکێشی.\"

\"\"
ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی ڤەژین
هەروەها خولە فێرکارییەکانی تایبەت بە لاوان و گەورەساڵانی ناوەندی ڤەژین، بریتین لە: \"مۆسیقا، زمانی کوردی، فەلسەفە، مێژووی ڕۆشنبیریی کوردی، ڕێڕەوی توێژینەوە، وێنەگری، سینەما و دەروونشیکاریی فرۆید و لاکان.\"

بە وتەی هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوانەوە، پۆلە فێرکارییەکانی زمانی کوردیی ئەم ناوەندە فەرهەنگی و هونەرییە، بە سێ زاراوەی سۆرانی، کرمانجی و هەورامی، لە لایەن مامۆستایانی شارەزاوە بەڕێوە دەچێت.

پێشتریش ئەم ناوەندە، لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز، کە لە هەندێک لە گوندەکانی شارستانی مەریواندا بەڕێوە چووبوو، بە نووسینی دروشمی تایبەت وەک: \"نەورۆزمان پێکەوبوونمانە، خوێندن بە زمانی دایکی یەکەم هەنگاوە بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و...\"، هەروەها بە بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی بەسەر منداڵاندا، پێشوازییان لە نەورۆز کردبوو.

ناوەندی فەرھەنگی- ھونەریی ڤەژین، ناوەندێکی فەرهەنگی هونەرییە کە لەسەر فەرهەنگ و هونەر و فۆلکلۆری کوردی کار دەکات. ئەم ڕێکخراوە خەڵکییە، لە ساڵی ٢٠٠٤ی زایینییوە دامەزراوە و تا ئێستا چەندین ڕێوڕەسمی تایبەت وەکوو \"ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا\" و سێمیناری زانستی و فەرهەنگیی بەڕێوە بردووە.