ناوەندی "ڤەژین" لە مەریوان بەبۆنەی شەوی یەلدا کۆڕێکی ئەدەب و مۆسیقای کوردیی رێکخست

21:45 - 7 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی فەرهەنگی ــ هونەریی ڤەژین، بەبۆنەی شەوی یەلدا، کۆڕیکی ئەدەب و مۆسیقای لە شاری مەریوان بەڕێوە برد.

ماڵپەڕی سەرەکیی ناوەندی \"ڤەژین\" بڵاوی کردەوە، کاتژمێر ٨ی سەرلە ئێوارەی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز، ناوەندی فەهەنگی ــ هونەریی ڤەژین کۆڕێکی ئەدەب و مۆسیقای کوردیی بەبۆنەی شەوی یەڵدا لە هۆڵی سینەمای شاری مەریوان و بە ئامادە بوونی کۆمەڵێک شاعیر، هونەرمەند و ئەدەب‌دۆستی کورد بەڕێوە برد.

سەرەتای ئەو کۆڕە پەیامی ناوەندی ڤەژین خوێندرایەوە کە لەو پەیامەدا لەسەر کورد بوونی مێژووی ناوچەکە و شارستانییەتی بنارەکانی زاگرۆس پێداگری کرابووەوە.

\"10448.jpg\"
لەبەشێکی دیکەی ئەو پەیامەدا تیشک خرابووە سەر شەوی یەلدا و بەپێی بەڵگە و فاکتەکان شەوی یەلدا، شەوی لە دایک بوونی میترا (خودای هەتاو) بووە.
دواتر کاروانی شێعر و پەخشان دەستی پێکرد و ریزی بەرنامەکانی شەوی یەلدا بەم شێوەیە پیشکەش کران.
ــ \"شەوی چلە\" ناوی هەڵبەستێک لە هەڵبەستەکانی \"میحیەدین حەق‌شناس\" کە لەلایەن \"ئیبراهیم غەریبی\"یەوە خوێندرایەوە.
ــ دواتر شاعیری نەتەوەیی ناسراوی کورد \"جەلال مەلەکشا\" شیعرێکی بەپێزی کوردیی پێشکەش بە جەماوەر کرد.
ــ پاشان \"دیمەن سۆهرابی\" شاعیر و دامەزرێنەری کارگەیەکی رەخنەیی و لێکدانەوەی شێعری کوردی لە بۆکان، شێعرێکی پێشکەش بە بەشدارانی ئەو کۆڕە ئەدەبییە کرد.
ــ \"خاڵۆ شێخ مەحموودی مێرگە درێژ\" شیعرێکی بڵاو نەکراوەی بە ناوی \"قانیع و ئاشەکەی\" بۆ جەماوەری بەشدار خوێندەوە.
دواتر شاعیری ناسراو \"ئیرج عیبادی \" شێعرێکی پێشکەش کرد و پاشان \"حەبیب عەنبەری \" شێعرێکی خوێندەوە.
لە نێو ئاخنی ئەو کۆڕە دا ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی موسیقای ناوه‌ندی ڤه‌ژین، ٣ پارچە مۆسیقای کوردییان پێشکەش کرد کە جۆش و خرۆشێکی تایبەتی بە کۆڕەکە بەخشی.

\"10447.jpg\"
پاشان وەک رەسمێکی کۆن و لەمێژنیە لە شەوی \"چلە\"دا، \"شەوچەرە و هەنار\" لەنێو میوانەکاندا بڵاو کرایەوە.

لەبڕگەیەکی دیکەدا ژنە شاعیری کورد \"لەلیلا وەزیری\" شێعرێکی خوێندەوە و
پاشان \" ئیبراهیم ئەحمەدی‌نیا\" پارچە شیعرێکی پێشکەش کرد.
لەبەشێکی‌تری ئەو کۆڕە ئەدەبی و مۆسیقایەدا \"سیمین چایچی\" ژنە شاعیری کورد، شێعرێکی بۆ بەشداران خوێندەوە.
\"عەدنان بەرزەنجی\" شاعیرێکی دیکە بوو کە شێعرێکی پڕ نێوەرۆکی پێشکەش بە میوانانی بەشدار کرد.
دواتر \"شنۆ جوانڕوودی\" ژنە شاعیری کورد پارچە شێعرێکی کوردیی لەو کۆرە ئەدەبییەدا خوێندەوە.

لە دوایین بڕگەی ئەو کۆرەدا هونەرمەندی کورد \"عەینەدین\" بە هاوکاریی ژەنیارانی گرووپی مۆسیقای ڤەژین، پارچە مۆسیقایەکی پێشکەش بە ئامادە بوان کرد.