ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئیدعاکانی سازمانی خەبات به دوور لە ڕاستی دەزانێت

14:37 - 28 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە سەر بڕیاری یەکلایەنەی سازمانی خەبات بۆ چوونە دەرەوە لەو ناوەندە، ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ئاگادارییەکدا بۆ بیروڕای گشتی ئیدعاکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بۆ چوونە دەرەوە لەو ناوەندەی ڕەد کردەوە.

لەو ئاگادارییەدا هاتووە: هەروەک ئاگادارن ساڵی ڕابردوو دوای هەوڵ و بەدواداچوونی زۆربەی حیزبەکانی کوردستان و بۆ وڵامدانەوە بە ویست و داخوازیی ئێوەی بەڕێز سەبارەت بە هاوکاری و یەکگرتوویی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دامەزرا. دواتر و لە ڕەوتی پێکەوە کارکردن پێویست بوو کە ئەم ناوەندە بۆ لێک تێگەییشتن و هاودەنگی زیاتر، هێلە گشتی و پرنسیپەکانی خۆی بە مەبەستی گەییشتن بە ئامانجەکانی ڕوو بە خەڵک و بیروڕای گشتی بخاتە ڕوو. لەو بارەیه‌وە کۆمەڵێک بابەت لە چەند خاڵێکدا لە لایەن نوێنەرانی حیزبەکانی ئەندامی ناوەندەوە لە ژێر ناوی هێڵە گشتییەکان ئامادە کران و دوای باس و گۆڕێنەوەی ڕوانگەکانی لایەنەکانی بەشدار لە ناوەند ئامادەی پەسند کردن بوو، بەڵام لە بەر ئەوەی کە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە تەنیا لە گەڵ چەند خاڵێکی بنەڕەتیی هێڵە گشتییەکاندا هاودەنگ نەبوو ناوەندی هاوکاری بۆ پاراستنی یەکڕیزیی ناوەند و ڕێزگرتن لە بیروڕای سازمانی خەبات و دانی کاتی زیاتر بەوان چەندین مانگ لە بڵاو کردنەوە و ڕاگەیاندنی ئامانج و پره‌نسیپەکانی ناوەند خۆیان پاراست. بەڵام بەداخەوە ئەو سازمانە لە حاڵێکدا کە ئەندامانی ناوەند چاوەڕێی بەشداری ئەوان لە دەهەمین کۆبوونەوەی ناوەند کە ١٩ی سەرماوەز ۱۳۹۷ی هەتاوی به‌سترا و تەرخان کرابوو بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لە سەر بڵاوبوونەوەی هێڵە گشتییەکان بدرێ، بەشدارییان نەکرد لە دوای بەشداری نەکردنی سازمانی خەبات لەو کۆبوونەوەیە، بۆ نیازپاکی زیاتر ناوەند هەئیەتێک پێک هاتوو لە ئەندامانی ناوەند ڕاسپارد سەردانی سازمانی خەبات بکەن، بەڵام سەردانی وەڤدەکەش کاریگەری نەبوو و سازمانی خەبات هەر سوور بوون لە سەر قسەی خۆیان، کە نابێ چەمکی فیدراڵیزم بۆ ئیدارە کردنی سیستمی داهاتووی ئێران ببێتە ئامانجی ناوەند و تەنانەت بۆ ماوەیەکی زۆر هەوڵیاندا چەمکی سیکۆلاریزم و چەمکی وتووێژ که پره‌نسیپن لە خەباتی سیاسیی ناوندەی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وەلابندرێن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەو ئاگادارییەدا تەئکیدی کردووە: سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا باس لە پێشێلکردنی تەوافوق دەکەن و یەک لایەنە ناوەندی هاوکارییان بە هەڵوەشاوە ناوبردووە کە ئەو قسەیە بە تەواوی دوورە لە ڕاستی و ناوەند لە کاری خۆی بەردەوامە و هەروها چوار حیزبەکەی دیکەی ناوەند جگە لە سازمانی خەبات لە سەر فیدراڵیزم بۆ داهاتووی ئێران کۆکن، بەڵام سازمانی خەبات لەو بارەوە پێشنیارێکی باشتر لە فیدراڵیزمیان پێ نییە و سوور بوونی ئەوان لەسەر ڕای ڕێکخراوی خۆیان لە کاری هاوبەش، بەدوور لە پره‌نسیپە دێمۆکراتیکەکان دەبیندرێ.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەشێکی دیکەی ئەو ئاگادارییەدا دەلێت: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە گەڵ ئەوەی کە ڕووخان و نەمانی کۆماری ئیسلامی بە باشترین بژاردە دەزانێ و لەوە دڵنیایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کات بە شێوەیەکی جیددی باوەڕی بە وتووێژ بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە ئێراندا نەبووە، بەڵام هاوکات بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان وتووێژ بە پره‌نسیپێک لە کاری سیاسییدا دەزانێ و هیچکات ڕەتی ناکاتەوە.

چەند رۆژ پێش ئێستا، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بە هۆی \"پێشێلكردنی بنەمای ڕێککەوتن و ڕەچاونەكردنی چەندین خاڵی دیكە، لە لایەن چەند حیزبی دیکه‌وە‌ له‌ ناوەندی هاوکاری، بە كردەوە ناوەندی هاوكاری بە هه‌ڵوه‌شاوه‌ دەزانێ‌ و هەر لەسەر ئەو بنەمایە لە ڕێكەوتی ٢٢سەرماوەزی ١٣٩٧ هەتاوی، ئه‌وان بڕیاریان دا لەو ناوەندە نەمێنن\".

١٩ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە دانیشتنێکی هاوبەشدا ڕێبەرانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بڕیاری دامەزراندنی ناوەندێک بە مەبەستی هاوکاریی کاری هاوبەش دا و لە دانیشتنی دووهەمیاندا لە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری هەمان ساڵدا، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانییان دامەزراند و بە فەرمی دەستییان بە چالاکییەکانیان کرد.