ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەهۆی بومەلەرزەکەی کوردستانی باکوورەوە پەیامێکیان بڵاو کردەوە

12:28 - 6 رێبەندان 2719

لە بەشێکی پەیامەکەی خۆیاندا، داوایان لە هاووڵاتییان کردووە کە لە هەر شوێنێکی جیهاندا داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆست و خێرخوازییەکان بکەن کە بە هەر شێوەیەک کە پێیان دەکرێت، بە هانای خەڵکی لێقەوماوی ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکانی کوردستانی باکوورەوە بچن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان!

وەک ئاگادارن شەوی هەینی ٤ی ڕێبەندانی ۱۳۹۸ی هەتاوی بەرانبەر بە ۲٤ی ژانویەی ۲۰۲۰ی زایینی، بومەلەرزەیەکی بەهێز پارێزگای خارپێت لە کوردستانی باکووری هەژاند کە ناوەندی ئەو بوومەلەرزەیە شاری سڤیریج  بوو. بەهۆی ئەو ڕووداوە ماڵوێرانکەرە کە ڕۆژی دواتر ناوچەکانی دیکەشی لەو پارێزگایە و هەروەها پارێزگای مەلاتییە گرتەوە، مخابن دەیان هاونیشتمانی گیانیان لەدەست داوە و سەدان كەس بریندار بوونە و سەدان خانوو ڕووخاون و خەڵکێکی زۆر تووشی کارەسات و بێ ماڵ و حاڵی بوونە و لە چارەنووسی بەشێکیان کە لەوانەیە لەژێر دار و پەردووی خانووە ڕووخاوەکاندا مابن، هێشتا هەواڵێک لەبەر دەستدا نییه. بەپێی هەواڵی گەیشتوو، خەڵکی لێقەوماوی ئەو دەڤەرانە ئێستا بەهۆی کاریگەریی بەفر و سەرمای تاقەتپڕووکێن و زیان و ماڵوێرانییەک کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە تووشی هاتوون، لە دۆخێکی زۆر نالەباردان و پێویستیی خێرایان بە یارمەتیی مرۆیی و فریاکەوتن هەیە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەم بۆنەیەوە هاوخەمیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی ئەو کارەساتە سروشتییە دەکات و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت. هەروەها داوا لە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، مرۆڤدۆستان لە هەر شوێنێکی جیهان و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆست و خێرخوازییەکان دەکات، بە هەر شێوەیەک کە پێیان دەکرێت، بە هانای خەڵکی لێقەوماوی ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکانەوە بچن و یارمەتیی مرۆیی خێرا و پێویست بگەیەننە فریای ئەو خەڵکە بێ دەرەتانە و ڕێگە نەدەن سەرما و زوقمی زستان ببێتە هۆی قووڵتربوونی برینی ئەو کارەساتە گەورەیە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٦ی ڕێبەندانی ۱۳۹۸ی هەتاوی

۲٦ی ژانویەی ۲۰۲۰ی زایینی