١٠ ناوەندی مافی مرۆڤ: مافی منداڵان لەئێران پارێزراو نیە

13:56 - 31 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: دە رێکخراوی مافی مرۆڤ لەبەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە، پاش دوو دەیە پەیوەست بوونی ئێران بە پەیماننامەی مافی منداڵان، بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە بەردەوامی مافە سەرەتاییەکانی منداڵانیان پێشێل کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەبەیاننامەی ئەو دە رێکخراوە ئێرانی و جیهانییەدا هاتووە، کۆمیتەی مافی منداڵان لەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە حاڵی تاوتوێ کردنی ئاست و پێوانەی پابەند بوونی ئێران بە پەیماننامەی مافی منداڵانە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، حکوومەتی ئێران ماوەی دوو دەیەیە کە پەیماننامەکەی واژۆ کردووە و زۆربەی خاڵەکانیشی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پێشێل کراوە.

ئەو دە رێکخراوەیە باسیان لەوەش کردووە، لەئێران منداڵانی تەمەن ٩ ساڵ و ١٥ ساڵ لەکاتی ئەنجامدانی تاوان وەکوو گەورەساڵ لەدەزگا قەزاییەکان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت و ئەمە لەحاڵێکدایە کە دەبێ بەپێی یاساکانی کەسانی خوار ١٨ ساڵ هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت.

لەدرێژەی بەیاننامەکەدا نووسراوە کە، لەچوارەمین خولی تاوتوێ کردنی هەڵسوکەوتی ئێران لەگەڵ منداڵان لەلایەن کۆمیتەی مافی منداڵانەوە، دەرفەتێکی باش بۆ بەرپرسانی ئێران دەخوڵقێ کە واز لە پێشێلکارییەکان بێنن.

واژۆکارانی بەیاننامەکە پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە سەرەڕای ئەوەی ئێران لەپووشپەڕی ساڵی ١٣٧٣وە پەیوەست بەو پەیماننامەیە بووە، بەڵام تەنیا بە توندوتیژی وڵامی مافی منداڵان دراوەتەوە و پێویستە ئێران بە خۆیدا بچێتەوە.

ماوەیەک لەمەوبەر گۆڤاری ئیلکترۆنی \" مافی ئێمە\" کە لە رێفۆرمخوازەکانی ئێران نزیکە بڵاوی کردبویەوە، \" لەساڵی ٢٠١٤دا لانیکەم ١٣ حاڵەتی لەسێدارەدانی ژێر ١٨ ساڵ لەئێران جێبەجێ کراوە.

لەسێدارەدانی کەسانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بەپێچەوانەی بەندی ئەلفی ماددەی ٣٧ی پەیماننامەی جیهانی مافی منداڵانە.

بارودۆخی مافی مرۆڤ بەتایبەت لەسەر مەسەلەی لەسێدارەدان و مافی منداڵان لە دەوڵەتی حەسەن رۆحانیدا بە پێچەوانەی بەڵێنی و بانگەشەکانی کاتی هەڵبژاردنی سەرکۆماری، بە بەردەوامی لەلایەن ناوەندە جیهان و ناوخۆییەکانەوە بەرەوڕووی رەخنە بووەتەوە.