ناوەندی لێکۆڵینەوی کوردستانناسی پرسی \" کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان\" تاوتوێ دەکات

14:14 - 4 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستانناسی زانکۆی کوردستان، توێژینەوە لەسەر دیاردەی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان دەکات.

کارگای لێزانیی کۆڵبەریی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستانناسی، دیاردەی \"کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان\"، لە بواری یاسایی، ئابووری و بەرهەمهێنانەوەی هەژاری تاوتوێ دەکات.

کۆڵبەر چەمکێکە، که بۆ کەسانێک بەکار دەبردرێت که لە ناوچە سنوورییەکاندا خەریکی کاری کۆڵبردن و گواستنەوەی بارن.

ئەم چینە زەحمەتکێشە لەبەر هەژاری و نەداری ناچارن بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکانیان، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا ڕوو لە کاری پڕمەترسیی کۆڵبەری بکەن.

کۆڵبەران لە هەژارترین چینی کوردستان به ئەژمار دێن و سەرەڕای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، دەکەونە بەر هەڕەشەی سەرمابردوویی و تەقینەوەی مینە چێندراوەکانیش.