ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی "ڤەژینـ"ـی مەریوان، ئەمساڵ ڕێوڕەسمی یەلدا بەڕێوە نابات
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی "ڤەژینـ"ـی مەریوان، لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە، بەهۆی هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی کوردستان و ڕێزگرتن لە خوێنه ڕژاوەکانی ئەم دواییەی شەقامەکانی کوردستان بەگشتی و مەریوان بەتایبەتی و هەروەها هاوخەمی لەگەڵ کۆڵبەرانی شەهیدی ڕێی نان، ئەمساڵ ڕێوڕەسمی یەلدا بەڕێوە نابات.
دەقی ئەم پەیامە، بەم چەشنەیە:
هاووڵاتییانی بەشەرەف!
زەوی دەسووڕێت، شەوگار هەڵدەکشێت و بەرەبەرە لە شەوی یەلدا نیزیک دەبینەوە. یەلدا لە فەرهەنگی زاگرۆسیدا نەک وەک تاریکترین شەوی ساڵ بەڵکوو وەک سەرکەوتنی گەرما و ڕووناکی و لەدایکبوونەوەی خۆرەتاو گرینگیی پێ دراوە. هەر بۆیە ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین بە تین و ڕووناکیی دڵی خەڵکەکەیەوە لە نوێ کردنەوە و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدادا ڕچەشکێن بووە.
بەڵام بەداخەوە ئیمساڵ پرچی سپیی دایکانی ڕەشپۆش و دڵی لە لێدان کەوتووی لاو و تازەلاوانی شارەکەمان، بێدەنگی و تەمی ماتەمێکی بەسەر شاردا کێشاوە کە هیچ چەمەری و لاواندنەوەیەک سوکنایی به شار نادات. هەموومان هێشتا کڕ و مات و حەپەساوی شەقامی سوور هەڵگەڕاو بە خوێن بووین کە سەرما و بەستەڵەک هەواڵی کۆستی لەشی سەرمابردووی بەسەرماندا ڕووخاند. شار بەتێکڕا تازیەباری ئەو ڕۆڵانەی خۆیەتی کە ژیانیان بە پاروویەک نان گۆڕییەوە.
ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین لەگەڵ ئەوەیدا کە خۆی بە بەشدار و هاوخەمی پرسە و ماتەمی شار دەزانێت، ڕایدەگەیەنێت کە ئیمساڵ کۆڕی شەوی یەلدا لەلایەن ئەم ناوەندەوە بەڕێوە ناچێت و ڕێوڕەسمی پێشکەش کردنی خەڵاتی "بەڕووی زێڕینـ"ـیش بۆ کات و ساتێکی گونجاو وەدوا دەخرێت. تاریکی و بەستەڵەک لە گیانتان دوور و دڵتان به گەرما و ڕووناکیی هەتاو زیندوو بێت.
ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین
۲٩ی سەرماوەزی ۲۷۱۹