ناوەندی داکۆکیی لە مافی منداڵانی کار داخرا

15:32 - 2 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوە ناوەندی داکۆکیی لە مافی منداڵانی کار داخرا.

هەواڵدەریی کاری ئێران (ئیلنا) لە هەواڵیکدا ئاشکرای کرد کە هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامی نووسینگەی سەرەکی ناوەندی داکۆکیی لە مافی منداڵانی کاریان لە تاران داخست.

تا ئێستا هۆکاری داخرانی ئەم ناوەندە کۆمەڵایەتیە ڕانەگەیەندراوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم ناوەندە نادەوڵەتییە کە لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی دامەزراوە بۆ داکۆکی لە مافی منداڵانی کار چالاکی هەبووە و لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی خولی فێرکاری و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕاپۆرتی پیوەندیدار بە پرسی منداڵانی کار هەوڵی ناساندنی خەسارەکانی دیاردەی کاری منداڵانی داوە.

یەکێکی دیکە لە چالاکییەکانی ئەم ناوەندە بریتی بووە لە گەیاندنی یارمەتی ماڵی و هاوکاری دەروونناسانە بەو منداڵانەی کە زۆرترین خەساریان وەبەر کەوتووە.

بەپێی داتا جیهانییەکان ئەگەر تەمەنی کۆتایی منداڵی لەسەر بنەمای کۆنوانسیۆنی مافی منداڵ ١٨ ساڵ لەبەر چاو بگرین زیاتر لە ٢٥٠ میلیۆن منداڵی کار لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەنداندا بوونیان هەیە.

هەرچەند هیچ ئامارێکی فەرمی و ورد سەبارەت بە ڕیژەی منداڵانی کار لە ئێراندا بوونی نییە بەڵام دەزگای جیهانی کار لە بەراوردێکدا بۆ ساڵی ٩٥ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٦٠%ی منداڵانی ١٠ بۆ ١٤ ساڵ لە ئێران کار دەکەن.

ئەو مەترسییانەی کە بەرەوڕووی منداڵانی کار دەبیتەوە بریتین لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، خەسارە دەروونی و ڕەوانییەکان، خەسارە ژینگەییەکان و ... هتد.