ناوەند نیزامییەکانی حکوومەت لە بەڕێوە بردنی مانۆڕ بەردەوامن

14:03 - 1 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: بنکە و ناوەند نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە بەڕێوەبردنی مانۆڕی نیزامی لە شارە جیاوازەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوامن.

بەپێی هەواڵی گەیشوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی خەزەڵوەر، ناوەندە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری شنۆ، سەر بە پارێزگای ورمێ، مانۆڕی نیزامیان بەڕێوە بردووە.

سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لەو مانۆڕەدا لە سێ‌ڕای نەڵیوانی شنۆ خاڵی پشکنینیان دانابوو و هاوکات لەو مانۆڕەدا تۆپیان هاویشتووە.

هاوکات باس لەوە دەکرێت کە لە نزیک شاخەکانی گوندی حەسەن‌نوارنی شنۆ، تۆپباران ئەنجام دراوە. بەڵام هەتا ئێستا ئەو هەواڵە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

لەو پێوەندییەدا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سپای پاسداران چەند کەڕەت بەرزاییەکانی شاخی شاهۆ لە نێوان شارەکانی کامیاران_ ڕوانسەری تۆپباران کردووە.

لەو مانۆڕەدا کە لە بەرزاییەکانی شاخی شاهۆ ئەنجام دراوە زەرەر و زیانێكی زۆر بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتووە.

سپای پاسداران بە بیانووی بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، بەردەوام مانۆڕی نیزامی بەڕێوە دەبات.